یەکشەممەی داهاتوو پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
K24 – هەولێر:
وابڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، جارێکی دیکە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کەوا بڕیارە رۆژی یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023) لە هەولێر ئەنجام بدرێت، لەسەر ئەو هەنگاوانە قسە دەکرێت کە بەشی هەڵبژاردنی هەردوولا ئەم هەینییە گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، گەڕێکی سەردانەکانی دەستپێکردووە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و تا ئێستا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی و بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و بەرەی تورکمانی کۆبوونەتەوە.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی شاندەکەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
ئەمڕۆ هەینی (19ـی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی هەمواکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
بەگوێرهی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، بڕیاردراوە لەم هەفتەیەدا، بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر دوایین گفتوگۆکان و رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە و کۆنووسێک ئامادە بکەن و دواتر کۆنووسەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
هەروەها رۆژی سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.
هاوکات رۆژی (پێنجشهممه 18ـی ئایاری 2023) جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق له میانی پێشكهشكردنی راپۆرتێك له كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان رایگهیاند، سهرۆكی ههرێمی كوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی دیاریكردووه بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردن له ههرێمی كوردستان، بۆیه ههر چۆنێك بێ نابێت ههڵبژاردن لهوه زیاتر دوابكهوێت و دهبێت ههمووان بهو وادهیه پابهند بن.
رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.
رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.
هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.