کەشناسی: شەپۆلێکى بارانبارین و هەورەبرووسکە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

K24 - هەولێر
کەشناسی رایدەگەیەنێت، سبەی بەیانی رۆژی شەممە شەپۆلێکى بارانبارین و هەورە برووسکی سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەهۆی ناسەقامگیرى کەش و هەوا"، سبەی بەیانی شەممە "شەپۆلێکى بارانبارین و هەورەبرووسکە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی شەممە "لە هەندێک ناوچە بارانى بەلێزمە دەبارێت و پلەکانى گەرما بە (5-8) پلە دادەبەزێت و خێرایی با (10-25) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت."
کەشناسی روونیشیکردووەتەوە، "ئەگەر هەیە هەورەبرووسکە لە هەولێر و سلێمانى و هەندێک ناوچەى گەرمیان بەهێزتربن لە ناوچەکانى دیکە."
کەشناسی بارانى 12 کاتژمێری ڕابردووى هەندێک لە ناوچەکانى هەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە:
دهۆک 1.2 میلیمەتر
زاخۆ 10.2 میلیمەتر
ئامێدى 2.0 میلیمەتر
بامەرنێ 2.6 میلیمەتر
حاجى ئۆمەران 1.8 میلیمەتر
کانى ماسى 3.4 میلیمەتر
مانگیش 3.2 میلیمەتر