بۆرییەكی گواستنەوەی گاز لە كەركووك تەقییەوە

دیمەنێکی ئاگرەکە
دیمەنێکی ئاگرەکە

K24 – کەرکووک:

بۆرییەکی گواستنەوەی گاز لە رۆژئاوای کەرکووک تەقیەوە کە بۆ گواستنەوەی گاز بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمشەو (19ـی ئایاری 2023)، بۆڕی گواستنەوەی گازی نێوان ئەی بی دوو و ئەی بی سێی سەر بە وێستگەی گازی هەنجیرە لە نزیك گوندی باجوانی رۆژئاوای كەركووك تەقیوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ئەوبۆرییەی تەقیوەتەوە، گاز بۆ كۆمپانیای نەوتی باكوور دەگوازێتەوە و بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەكاردەهێندرێت.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 لەمیانی گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 11ـی کوردستان24 روونیکردەوە، دوای ئەوەی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە سوپای عێراق رێگری لێکردوون رووماڵی بکەن و داوایان لێکردووەن لەناوچەکە دووربکەونەوە.

هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد، سەرچاوە ئەمنییەکان ئەوەیان بۆ کوردستان24 دووپاتکردووەتەوە، کە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بۆری گازی هەنجیرە کە گاز بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور دەگوازێتەوە، تیرۆریستی نەبووە و بەهۆی فشاری گازی ناو بۆرییەوەکەوە بووە.