سێرگی لاڤرۆڤ: ئیسلام لە رووسیا بەشێوەیەکی نموونەیی گەشە دەکات

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوی رووسیا رایگەیاندووە، ئیسلام لە رووسیا بەشێوەیەک گەشە دەکات، کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە و زۆر بەئاسانیش خۆی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە دەگونجێنێ و بەیەکەوە دەژین.

ئەمڕۆ (هەینی 19ـی ئایاری 2023) سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەمیانی فیلمی دیکیۆمێنتاری "رێگای بەرەو جیهانی ئیسلامی" ئاماژەی بووژانەوەی ئیسلام کرد لە رووسیا و ریاگەیاند، ئیسلام زۆر بەخێرایی لە رووسیا گەشە دەکات و توانیویەتی خۆی لەگەڵ ئایینەکانی دیکەی کۆمەڵگەی رووسی بگونجێنێ و بەیەکەوە بژین.

لاڤرۆڤ باسی لەوە کردووە، کە راستییەکی دانپێنراو هەیە، ئەویش بەشداریکردنی موسڵمانانی رووسە لە ژیانی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری و رووحی وڵاتی رووسیا. هەروەها گوتوویەتی، کاری هاوبەشی پێکهاتەکانی دیکەی رووسیا لەگەڵ موسڵمانان، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی پرسەکانی پەیوەندییەکانی نێوان شارستانیەت و ئایین و مەزهەبەکان لەسەر ئاستی باڵای وڵات،  بەڵگەیە لەسەر بەیەکەوەژیانی موسڵمانان لەگەڵ ئەوانی دیکە.

لاڤرۆڤ جەختیکردووەتەوە، کە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیکردنی ئیسلام رەتدەکەنەوە، وەک چۆن دژایەتیکردنی مەسیحی و هەر شێوەیەکی دیکەی دەمارگیری ئایینی رەتدەکەنەوە.

رۆژی (15ـی ئایاری 2023) ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتانی ئیسلامی بەخێرایی گەشە دەکەن و سەرکەوتنی گرنگیان لە بوارەکانی بازرگانی و داراییدا بەدەستهێناوە و گوتی: "رووسیا بۆ فراوانترکردنی هاوکارییەکانی لە بوارەکانی بازرگانی و مرۆییدا دەرگای واڵایە بە رووی وڵاتانی ئیسلامیدا. خوازیارین هاوکارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانمان بەرەوپێش ببەین و زنجیرەی لۆجستیی نوێ دروست بکەین".