61 ساڵ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیكردنی سه‌رۆك بارزانی به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێده‌په‌ڕێت

وێنەیەکی سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1962ـی زایینی
وێنەیەکی سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1962ـی زایینی

K24 - هەولێر

61 ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌م رۆژی په‌یوه‌ندیكردنی سه‌رۆك بارزانی به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، له‌ 20ی ئایاری ساڵی 1962 وه‌كو بچووكترین پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه‌ به‌شداری له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا كردووه ‌و له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا سه‌ركردایه‌تی و رۆڵی باڵای له‌ نووسینه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌ستكه‌وت و داستانی مێژوویی و به‌ناوبانگی كوردستاندا هه‌بووه‌.

61 ساڵ، بەسەر پەیوەندیکردنی سەرۆک بارزانی بە ریزەکانی پێشمەرگەی كوردستانه‌وه‌ تێدەپەڕێت و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت وەکو پێشمەرگەیەک لەپێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەبێ دابڕان تێدەکۆشێت و هه‌میشه‌ شانازیی به‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات.

سەرۆک بارزانی له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا، بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە، لەدوای نسکۆی شۆڕش و سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵان، راستەوخۆ سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووه‌ و له‌چه‌ندین شەڕ و داستانی دژ بە رژێمی ئەوکاتی عێراقدا به‌شداربووه‌، وەکو سه‌رۆك بارزانی چه‌ندینجار ئاماژه‌ی پێداوه‌، له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا لە زاخۆ تا پێنجوێن، گوند بە گوندی کوردستان گه‌ڕاوه‌ و ناوچه‌كانی به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی دەربارەی پرسی سەربەخۆیی گه‌لی كوردستان، رایگه‌یاندووه‌، زۆر لام سەیرە کەسانێک وا پێشبینی بكه‌ن، دوای ئەو هەموو ساڵە لە خەبات و پێشمەرگایەتیم، سازش لەسەر دۆزێک بکەم، کە هەموو تەمەنم لەپێناویدا داناوە.

سەرۆک بارزانی، بەدرێژایی تەمەنی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو پێشمەرگەیەکی کوردستانە و ئەم پلەیەشی لەلا لە هەموو پۆست و پلەیەک گەورەتره‌، چه‌ندینجاریش دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ژیانی ئه‌ودا 20ی ئایار یادەوەرییەکی پرشنگدارە و پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی پێشمەرگە هەمیشە سەرچاوەی گەورەترین شانازیی بووە.

لەکاتی هاتنی رێکخراوی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق، سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە هەم وەکو پێشمەرگە و هەمیش وەکو رابه‌ری گه‌لی كوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی دڕه‌نده‌ترین گروپی تیرۆریستی له‌جیهان کرد، و كوردستان و گه‌له‌كه‌ی له‌چه‌پۆكی تیرۆریستان پاراست.

لە دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، كه‌ گه‌لی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، هەوڵ و پلانێكی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی ئه‌زموونی هەرێمی کوردستان لە ئارادابوو، ئه‌وه‌بوو لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی ناوخۆیی له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێرشیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هێناو هەوڵیاندا تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان داگیربکەن، بەڵام فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی عێراق، کۆتایی بەو پیلانگێڕییه‌ هێناو جارێکی دیکەش خه‌ونی ناحه‌زانی گه‌لی كوردستانی له‌گۆڕنایه‌وه‌.