کونسوڵی تورکیا: ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نابێت

K24 - هەولێر

کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رەتیدەکاتەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کاریگەریی بکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەدات، "نالەباری بارودۆخی کەشوهەوا" وایکردووە دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بە گەرمی روو لە سندووقەکانی دەنگدان نەکەن.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ـی ئایاری 2023، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین دەستیپێکرد و لە هەولێریش بەشێکی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، سەردانی سندووقەکانی دەنگدانیان لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر کرد و پڕۆسەی دەنگدان بەردەوامە.

محەممەد مەولوود یاقوت، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دووپاتیکردەوە، پڕۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر بە شێوەیەکی ئارام و بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت و ئامادەکاری تەواویان بۆ ئەو پڕۆسەیە کردووە.

لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، کونسوڵی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی، ئەنجامی هەڵبژاردن "هەر چی بێت کاریگەریی ناکاتە سەر پەیوەندییەکانی هەردوولا"، گوتیشی: "پەیوەندییەکی بەهێزی مێژوویی، مرۆیی و بازرگانیمان لەگەڵ هەرێم هەیە. لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانمان باشە و بەردەوامیان دەبێت."  

 

 

پێنج هەزار و 741 هاووڵاتی هەڵگری رەگەزمانەی تورکی لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 834 کەسیان لە هەولێرن. لە گەڕەکی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا (پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار) لە عێراق و هەرێمی کوردستان 26.4٪ـی هاووڵاتییانی تورکیا بەشداریان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا کرد و دەنگیان دا.

بەگوتەی کونسوڵی تورکیا، رێژەی بەشداری هاووڵاتییانی تورکیا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو "رێژەکە دوو هێندە بووە". وەکو خۆی دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی گەڕی یەکەم، لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوونە و هیواخوازە ئەم هەڵبژاردنەش (سەرۆکایەتی کۆمار) بەهەمان شێوە بەڕێوەبچێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا هۆکار چییە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان روویان لە سندووقەکانی دەنگدان نەکردووە و قەرەباڵغی بەدیناکرێت؟" محەممەد مەولوود یاقوت گوتی: "بەیانی کاتێک پڕۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد، بەهۆی نالەباری بارودۆخی کەشوهەوا، دەنگدەران نەیاندەتوانی بێن دەنگی خۆیان بدەن، بەڵام ئێستا کەشوهەوا باشتر بووە، دەرگامان کردووەتەوە و چاوەڕێی هاتنی دەنگدەرانمانین."

کونسوڵی گشتیی تورکیا رایگەیاند، لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر سێ سندووقی دەنگدان داندراون و پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و، وەکو خۆی دەڵێت، لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا دەنگدەران دەتوانن لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانییەوە تا کاتژمێر 10:00ـی شەو سەردانی کونسوڵخانەکە بکەن و دەنگ بدەن.

محەممەد مەولوود یاقوت جەختی لەوە کردەوە، ئاسانکاری تەواویان بۆ هاووڵاتییانی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دا بکەن و ئاماژەی بەوەکرد، دەنگدەر تەنها ناسنامەی پێبێت و پێشتر ناوی لە کونسوڵخانەکە تۆمار کردبێت، دەتوانێت دەنگی خۆی بدات. گوتیشی: دەنگدەران دەتوانن تا 28ـی ئەم مانگە لە دەروازە سنوورییەکانی پێشابوور و ئۆزملو دەنگ بدەن.

کونسوڵی تورکیا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد، بەشداری لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتی کۆماردا بکەن و دەنگەکانیان لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا بەکاربهێنن.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لەناوخۆیی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار،49.52 ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.