بایدن بەڵێنی "هەوڵدان بۆ داماڵینی جیهان لە چەکی ئەتۆمی" دەدات

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی G7 | وێنە: AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی G7 | وێنە: AP

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "با پێکەوە بەردەوامبین لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنی یەکجارەکی جیهان لە چەکە ئەتۆمییەکان".

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت G7 لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن، بەردەوامە. سەرکردەکانی بەشداربووی لووتکەکە دوێنێ سەردانی مۆزەخانەی مۆنۆمێنتی ئاشتی هیرۆشیمایان کرد و پەیامی خۆیان لە دەفتەری یادەوەریی مۆزەخانەکەدا نووسی.

لە مۆزەخانەکەدا زیاتر لە 100 پاشماوەی تایبەت بە بۆردومانکردنی شارەکە لە ساڵی 1945دا بە چەکی ئەتۆمی، نمایش کراوە و بۆ یەکەمجار سەرکردەکانی وڵاتانی G7 پێکەوە سەردانیان کرد.

حکوومەتی ژاپۆن لە کۆتا راگەیەندراویدا ئەو پەیامانەی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە کە سەرکردەکان بە زمانی خۆیان لە کتێبی یادەوەریی مۆزەخانەکەدا نووسیوویانە.

لەم چوارچێوەیەشدا جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کتێبەکەدا بەڵێنی "هەوڵدان بۆ داماڵینی جیهان لە چەکی ئەتۆمی"ی نووسیبوو.

بایدن، نووسیوویەتی: "با پێکەوە بەردەوامبین لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنی یەکجارەکی جیهان لە چەکە ئەتۆمییەکان".

دواتریش سەرکردەکان سەردانی ئەو مۆنۆمێنتەیان کرد کە وەک هێمایەک بۆ قوربانیانی کارەساتی هیرۆشیما دروستکراوە و تاجەگوڵینەیان لەسەر دانا.

بایدن لە دوای سەردانەکەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2016دا دووەم سەرۆکی ئەمەریکایە کە لە دوای بۆردومانکردنی شاری هیرۆشیما لە ساڵی 1945دا سەردانی ئەو شارەی کردبێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەمەریکا لە شەشی ئابی 1945دا شاری هیرۆشیما و لە نۆی ئابدا شاری ناگازاکیی ژاپۆنی بە چەکی ئەتۆمی بۆردومان کرد و لە ئاکامدا نزیکەی 210 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.