دوو شاخەوان لە توونی بابا لە دەربەندیخان گیانیان لەدەستدا

تەرمی دوو قوربانی رووداوەکە لەکاتی گواستنەوەیان لە نەخۆشخانە
تەرمی دوو قوربانی رووداوەکە لەکاتی گواستنەوەیان لە نەخۆشخانە

K24 – دەربەندیخان:

ژمارەیەک شاخەوانی سنووری دەربەندیخان لەکاتی چوونیان بۆ ناوچەی توونی بابا، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، تەپۆڵکەیەک بەسەریاندا دەرووخێت و بەهۆیەوە دوو لە شاخەوانەکان گیانلەدەست دەدەن و یەکێکی دیکەش بریندار دەبن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاخەوانەکان تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵاندایە و ئەمڕۆ شەممە (20ـی ئایاری 2023) گەشتێکی شاخەوانییان بۆ توونی بابا ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی باوبۆرانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوچەکە، دووچاری ئەو رووداوەبوونەتەوە.

هاوکات دوای رووداوەکەش، لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە، شاخەوانەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێک لەو شاخەوانانەی گیانی لەدەستداوە ناوی (بینەر)ـە خەڵکی زەڕایەنە و ئەوەی دیکەشیان ناوی (شەبەنگ برایم)ـە و دانیشتووی دەربەندیخانە و تەمەنی 23 ساڵە.

هەروەها ئەو شاخەوانەی برینداریشە ناوی (محەممەد ئیبراهیم)ـە و تەمەنی 26 ساڵانە و دانیشتووی دەربەندیخانە.

توونی بابا، دەكەوێتە باشووری شارۆچكەی دەربەندیخان و 66 کیلۆمەتر لە باشووری شاری سلێمانییەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان هەردوو گوندی پونگڵە و پساكان. تونێلێكی درێژی پێچاوپێچە و چەند لقێکی لێدەبێتەوە کە بەهۆی رووداوە سرووشتییەکانەوە ئەو شێوەیەی وەرگرتووە و هاووڵاتییان بۆ مەبەستی شاخەوانی و گەشتوگوزار سەردانی دەکەن.