لە باکووری بەغدا داعش هێرشی کردە سەر حەشدی شەعبی؛ هێرشەکە قوربانی لێکەوتووەتەوە

K24 - هەولێر

چەکدارانی داعش لە باکووری بەغدا هێرشیان کردە سەر ماڵی چەکدارێکی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی ئبن سینای سەر بە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، چەكدارانی داعش پەلاماری ماڵی چەکدارێکی حەشدی شەعبییان داوە و لە ئاکامی پەلامارەکەدا دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و چواری دیكەش برینداربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق  لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامدراون، 105 تیرۆریست کوژراون و گوتی: "زۆربەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە میانی ئەمساڵدا کوژراون، ھەڵگریی رەگەزنامەی عێراقین".

باسی لەوەیش کردووە کە ساڵی 2023، ساڵێکی تایبەتە لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە و گوتی: "کوژرانی ئەو 100 تیرۆریستەی داعش، دەستکەوتێکی باشە بۆ ھیزە ئەمنییەکان".

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق راشیگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی عێراق کە خۆیان تیایدا حەشارداوە لەناودەبرێن.