سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، جەختی لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی و بەبیابانبوون و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عۆن زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری وهەماهەنگیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی لە بواری سەرچاوەکانی ئاو و بایەخدان بە بەنداوەکان و نۆژەنکردنەوەیان و گرنگیی دروستکردنی بەنداوی نوێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هەردوولا کرا لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی و بەبیابانبوون و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.