وەزارەتى خوێندنى باڵا بنەماکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زمانى کوردى دادەڕێژێت
K24 – هەولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا، لە رێگەى ئەنجامدانى (تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى) و (دانانى پرۆگرامێکى تایبەت بە فێربوونى زمانى کوردى)، سیاسەتى گرنگیدان بە زمانى کوردى دادەڕێژێت.
لهمیانهی راگهیهندراوێكی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێمی كوردستاندا هاتووه: ئەمڕۆ (یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023)، بەسەرپەرشتى د. ئارام محهممهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى دانانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاند، وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی هەیە.
لەبارەى دانانى مەرجەکان و چوارچێوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى و دانانى پرۆگرامێکى یەکگرتووى فێربوونى زمانى کوردى، وهزیری خوێندنی باڵا له كۆبوونهوهكهدا دووپاتیکردەوە، "گرنگە لە ئێستادا بتوانین ببین بە خاوەنى تاقیکردنەوەى ستانداردى توانستى زمانى کوردى، چونکە بەم رێگەیەوە دەتوانین سیاسەتى گرنگیدان بە زمانى کوردى دابڕێژین".