قاسم ئه‌عره‌جی: گرنگه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌باره‌ی پرسی ئاوه‌وه‌ رێكبكه‌وین

قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، گرنگه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌باره‌ی پرسی ئاوه‌وه‌ رێكبكه‌وین.

قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ كۆنگره‌ی ئاسایش و كه‌شوهه‌وا رایگه‌یاند، پێویسته‌ رووبه‌ڕووی قه‌یرانی كه‌مبوونه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ئاو ببینه‌وه‌ و خه‌ڵك له‌ به‌هه‌ده‌ردانی ئاو هۆشیاربكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌عره‌جی روونیكرده‌وه‌، ده‌بێت له‌ باخچه‌ی ساوایان، دام و ده‌زگا حكومییه‌كان، پێگه‌ ئایینییه‌كان، ماڵ و هه‌موو پێگه‌یه‌كی ژیان هاووڵاتیانی عێراقی فێربكرێن، كه‌ ئاو به‌فیڕۆ نه‌دات، هه‌روه‌ها جوتیارانیش به‌ رێگه‌ تازه‌كانی ئاودانی به‌رهه‌مه‌كانیان ئاشنا بكرێن و ئاوی زۆر به‌كار نه‌هێنن.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی روونیكرده‌وه‌، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ (توركیا، ئێران و سووریا) له‌باره‌ی پرسی ئاوه‌وه، بگه‌ین به‌ رێككه‌وتن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ سوودمه‌ندبن.

روونیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تی عێراق ته‌واوی به‌رپرسانی راسپاردووه‌، كه‌ به‌دواداچوون بۆ پرسی ئاو بكه‌ن.

هۆشداریشی له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ئاو دا و رایگه‌یاند،‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ ده‌بینه‌وه‌".