سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: لە پلانماندایە وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشین

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە پلانیاندایە زۆرترین وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن و ئاماژە بەوە دەدات، " هەرێمی کوردستان ناوچەیەکە کە دەرفەتی ئەنجامدانی وەبەرهێنان تێیدا زۆرە".

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، دیداری ئەنجوومەنی کاری کوردستانی بەریتانی و ئەوروپا لە هەولێر بەڕێوەچوو و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا هیوای خواست دەرئەنجامەکانی کۆڕبەندەکە ببێتە هۆی راکێشانی زیاتری وەبەرهێنە بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و، وەکو خۆی ئاماژەی پێ دا، لە پلانیاندایە لە داهاتوودا کار لەسەر هێنانی زیاتری وەبەرهێنەرە بیانییەکان بۆ هەرێم بکەن.

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئێستا خەریکی دروستکردنی لۆگۆیەکی نوێن بۆ وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە ناوی "Invest Kurdistan" و ماڵپەرێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی "Invest.gov.krd" کراوەتەوە، "کە تێیدا بەشێوەیەکی زۆر باش باس لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان کراوە، کە پێکهاتوون لە سێکتەرەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و چەند سێکتەرێکی دیکە".

محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکە کە دەرفەتی ئەنجامدانی وەبەرهێنان تێیدا زۆرە و کار لەسەر ئەوە دەکەن وەکو دەستەی وەبەرهێنان دەرفەتی زیاتری ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێم برەخسێنن.