فراکسیۆنی پارتی: بە زۆرینەی دەنگ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کارا کراوەتەوە

پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کارا کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان کارا کراوەتەوە و  "ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ  کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کێ لەگەڵ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە".

لەبارەی گرژییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانیشدا لەنێوان ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی و یەکێتی؛ ئاماژەی بەوەکرد، وەکو کارێکی ئاسایی پەرلەمانیی لێی دەروانن و "گرژی و ئاڵۆزی لە کاری پەرلەمانیدا حاڵەتێکی ئاساییە."

بەگوتەی پێشەوا هەورامی. وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خویدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا بژاردەیەکی "ناچاری بوو، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە". 

 

 

هاوکات پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا نەکرد و ئاڵۆزی لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو. ڕێواز فایەق لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا گوتی: "لەپێناوی پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە رەهایەی خۆم بەکاربهێنم کە لە بڕگەی 3ی مادەەی 18 هاتووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوادەخەم بۆ کاتێکی تر".

لە وەڵامدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەوە دەمارگیرییە و هەر پەرلەمانتارێک لەگەڵ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەیە دەست بەرزکاتەوە".

دوێنێ یەکشەممە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە یاداشتێکیدا 'کە واژووی 44 پەرلەمانتاری پارتی لەسەرە' داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە؛ دوو برگە لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زیاد بکات؛ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموو ئەو پێشیازەیاسایانەی کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراون.

هەر دوێنێ یەکشەممە؛ هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو". ئاماژە بەوش دراوە، "هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت".

رۆژی 26ـی ئاداری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".