تاجیکستان زیاتر لە 100 هاووڵاتی خۆی لە کەمپی هۆل گەراندەوە

دابەزینی هاووڵاتیانی تاجیکستان لە فڕۆکەخانەی دووشاندی
دابەزینی هاووڵاتیانی تاجیکستان لە فڕۆکەخانەی دووشاندی

K24- هەولێر

نزیکەی 100 ژن و منداڵ لە کەمپی هۆل-ی رۆژئاوای کوردستان گەڕێنراونەتەوە تاجیکستان، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەسەدان تاجیکی پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی کازاخستان، 104 هاونیشتیمانیمان لە سووریاوە گەڕاندەوە نیشتمان، کە 31 ژن و 73 منداڵ بوون، هەروەها لەسەر داوای کازاخستان دایکێک و چوار منداڵی کازاخستانیشیان گەڕاندەوە.

ئەو منداڵ و ژنانە لە کەمپەکانی هۆل بوونە، رێکخراوە ناحکومییەکان رەخنە لە بارودۆخی ژیانی ناو کەمپەکان دەگرن.

لە مانگی تەممووزی 2022دا، 146 ژن و منداڵی تاجیکی بە پرۆسەیەکی هاوشێوە گەڕێنرانەوە و لەو کاتەدا لەلایەن زوبەیدوڵڵا زابیدۆڤ باڵیۆزی تاجیکستان لە کوێت پێشوازییان لێکرا، ئەوان لە کەمپی هۆل و رۆژ بوون کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەر لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبرێن.

لە دوای وەدەرنانی داعش لە ساڵی 2019ـەوە، وڵاتان رووبەڕووی کێشەی گەڕانەوەی ئەندامانی خێزانەکانیان بوونەتەوە، کە لە سووریا و عێراق بە دیل گیراون یان کوژراون.

بەپێی ئاماری رێکخراوی هیومان رایتس وۆچی ناحکومی، زیاتر لە 41 هەزار هاووڵاتی بیانی کە زۆرینەیان تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە، هێشتا لە کەمپ و زیندانەکان راگیراون بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان بە داعشەوە.