سینان ئۆغان: لە گەڕی دووەم پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکەین

K24 – هەولێر:
کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، پشتیوانی خۆی بۆ کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە گەڕی دوومی هەڵبژاردن ئاشکراکرد و رایگەیاند، دوای کۆمەڵێک کۆبوونەوە و راوێژی زۆر بڕیارماندا پشتیوانی لە ئەردۆغان بکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی ئایاری 2023)، سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە لە (14ـی ئایاری 2023) بەڕێوەچوو، لەمیانی گوتارێکدا لە ئەنقەرە پشتیوانی خۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند کە لە 28ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
سینان ئۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، بەر لە بڕیاردان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆبوونەوە و راوێژ و دانوستانیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و پارتەکانی ناو هاوپەیمانیەتی ئاتا و بنکەی جەماوەریی خۆیان کردووە و دواتر ئەم بریارەیان داوە.
زیاتر گوتی، "گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە 28ـی ئایار بەڕێوەبچێت، زۆر گرنگە. دوای گەڕی یەکەم لەگەڵ پارتەکانی ناو هاوپەیمانیەتی ئاتا، بنکەی جەماوەریمان و دەنگدەرانمان کۆبوونەوەی راوێژکاریمان ئەنجامدا. لەو چوارچێوەیەشدا من و سەرۆکی پارتەکانی ناو هاوپەیمانیەتی ئاتا لەگەڵ هەردوو کاندیدی گەڕی دووەم کۆبووینەوە و لەبارەی ئامانجە لەپێشینەکانی خۆمان دانوستاندنمان کرد. دواجار دووبارە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانیەتی ئاتا تاوتوێکرد".
کاندیدەکەی هاوپەیمانی ئاتا روونیکردەوە، "لەو ماوەیەدا سەودا و سەوداکاریمان لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکرد و تەنیا بەرگرییمان لە بنەما سەرەکییەکان و هێڵە سوورەکانی خۆمان کرد. لە ئەنجامی سەرجەم کۆبوونەوە و دانوستان و راوێژەکان بڕیارماندا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا پشتگیری لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانیەتی کۆمار بکەین. داوا دەکەین ئەو دەنگدەرانەی لە گەڕی یەکەم دەنگیان بە ئێمە دابوو، لە گەڕی دووەمدا پشتگیری لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بکەن".
پێشتریش سینان ئۆغان ئاماژەی بەوەکردبوو، دوو مەرجی سەرەکی هەیە بۆ ئاشکراکردنی هەڵوێستی هاوپەیمانیەتی ئاتا بۆ پشتگیریکردن لە یەکێک لە رکابەرەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، ئەویش پرسی گەڕانەوەی پەنابەران بەتایبەتی سوورییەکان بۆ وڵاتەکانیان، لەگەڵ پشتیوانی نەکردن لە تیرۆریستان کە مەبەست لێی دژایەتیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەدەپەیە.
لە یەکەم کاردانەوەشدا دوای پەیامەکەی سینان ئۆغان، کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت لە تویتێکدا رایگەیاند، ئێستا روونە کێ لەگەڵ ئەم وڵاتەدایە و کێ لەگەڵ فرۆشتنی وڵاتدایە، "ئێمە بەردەوام دەبین لە رزگارکردنی تورکیا لە پەنابەران و تیرۆریستان".
هاوکات کڵچدارئۆغڵو داوای لەو هەشت ملیۆن هاووڵاتییە کردووە کە بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی یەکەم نەکردووە، لە گەڕی دووەمدا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بکەن.
پێشتریش میدیاكانی توركیا بڵاویانکردەوە، لە رۆژی چوارشهممه (17ـی ئایاری 2023) ئەنجوومەنی پارتی مەملەکەت له ئهنجامی كۆبوونهوهی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا دەنگدەرانیان ئاراستەی هیچ لایەنێکی دیکە نەکەن و سەرپشکبن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا لەنێوان رهجهب تهیب ئهردۆغان و كهمال كڵچدارئۆغڵو.
بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.
بەو دەرئەنجامەش بێت، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە 28ـی ئایاری 2023 لەنێوان هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بەڕێوەدەچێت، کە ئەمەش دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە (20 بۆ 24ـی ئایاری 2023) پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.
هەروەها جارێکی دیکە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا، دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و ئەو هاووڵاتییانەی تا رۆژی هەڵبژاردن تەمەنیان دەگاتە رێژەی یاسایی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان، مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنە دەبێت،کە لە گەڕی یەکەمیشیدا 3.4 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات بە رێژەی 5% مافی دەنگدانیان هەبوو لەگەڵ چوار ملیۆن و 904 هەزار و 672 دەنگدەر بۆ یەکەمجار دەنگیاندا، لە گەڕی دووەمیشدا، 47 هەزار دەنگدەری نوێ کە تەمەنیان دەگاتە سەروو 18 ساڵ مافی دەنگدانیان دەبێت.