کاروان حەمید بە گۆرانییە کوردییەکانی هۆڵەندییەکان دێنێتە سەر شەقام

هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق
هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق

K24 - هەولێر:

کاروان حەمید حەلاق، بە پۆشاکە کوردییە رەسەنەکانی و گۆرانییەکانی نێرگز و لەیلا و شمشاڵەکەی قالەمەڕەوە جۆش و خرۆشێکی نوێ بە هۆڵەندییەکان دەدات و شەقامەکانی ئەو وڵاتە پڕ دەکات لە موزیک و گۆرانی رەسەن.

ئەو هونەرمەندە خاوەنی ئەلبوومێکی گۆرانییه و زۆربەی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکانیشی بە ستایلێکی نوێوە هۆنیوەتەوە، تا ئێستاش چەندین ئاهەنگ و کۆنسێرتی فراوانی لەو وڵاتە سازکردووە.

کاروان حەلاق، لەبارەی دوابەرهەمی تۆمارکراوی خۆی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە گۆرانییەکی فۆلکلۆرە بە ناوی نێرگز و لە سەرەتای هەشتاکانەوە گوتراوە و ئەو بە ستایلێکی نوێ جارێکی تر گوتوویەتی و بە شمشاڵەکەی دەستی و جلە کوردییەکانی شەقامی هۆڵەندی هێناوەتە هەژان.

زیاتر گوتی، ئامانجی من وەک هونەرمەندێکی کورد گەیاندنی پەیامێکه، کە گەلانی دنیا و هۆڵەندییەکان بە هونەرە رەسەنەکەی ئێمە ئاشنابن، کە خاوەن کولتوور و فەرهەنگ و گەنجینەیەکی گەورەین لە موزیک و گۆرانیدا، جگە لە نێرگزیش چەندین گۆرانی دیکەم تۆمارکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر نەمتوانیوە کلیپ بۆ بەرهەمەکانم بکەم.