کۆمپانیای 15 وڵات بەشداری لە سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوەی ھەولێر دەکەن

سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر | وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24
سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر | وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێزدەھەمین پێشانگای بیناسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە ھەولێر دەکاتەوە و زیاتر لە 214 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشداری تێدا دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، حەسەن سامی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری پێشانگاکانی ھەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و لە سێ رۆژی یەکەمیدا کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بە بەشداریی بازرگانانی بیانی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کردنەوەی پێشانگاکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بەشداری لە یەکێک لە پانێلەکاندا دەکات.

لەبارەی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن، حەسەن سامی ئاماژەی بەوەکرد، 214 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاوازەوە تێیدا بەشدار دەبن و، وەکو خۆی دەڵێت، "سەدا 80ـی کۆمپانیاکان بیانین و سەدا  20ـیش کۆمپانیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن".

بەگوتەی بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری پێشانگاکانی ھەولێر، زیاتر لە 400 بڕاندی جیھانیی بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن و بازرگانان دەتوانن لەو ماوەیەدا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان ئەنجام بدەن.

جیاوازی ئەم پێشانگایە لەگەڵ پێشانگاکانی دیکە ئەوەیە کە سەردانیکردن سنووردارە و تەنیا بازرگانان دەتوانن سەردانی پێشانگاکە بکەن و لە نزیکەوە بازرگاکانی دیکە ببینن.