هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بەهۆی دامەزراندنی کارگەی چەکی قاچاغ لە سلێمانی دووچاری زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە

رۆس رۆگیۆی تەمەن 54 ساڵ
رۆس رۆگیۆی تەمەن 54 ساڵ

K24 - هەولێر

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023 لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هاووڵاتییەکی وڵاتەکەی کە پێشتر تاوانبارکرابوو بە دروستکردنی کارگەی چەکی نایاسیی لە شاری سلێمانی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکی ئەوروپی، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە، دوای ئەوەی تاوانەکانی بەسەردا ساخ کراوەتەوە.

هاوڵاتییەکە ناوی رۆس رۆگیۆ-یە و تەمەنی 54 ساڵە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەلایەن دادگاییەکی ویلایەتی پێنسڵڤانیاوە، بە فەرمی تاوانبارکرا بە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکی ئیستۆنی کە کارمەندیی کارگەکەی بووە لەشاری سلێمانی کە تایبەت بووە بە دروستکردنی چەکی "ئێم فۆر" و دەمانچەی "کلۆک" بەشێوەیەکی نایاسایی.

ڕۆگیۆ لە ساڵی 2015 کارگەکەی دامەزراندووە و چەندین پارچەی چەکی لە ئەمریکاوە هاوردە کردووە بۆ دروستکردنی چەکەکان بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و بازرگانی ئەمریکی. چەندین کارمەند لە نەتەوەی جیاواز لەو کارگە لە ژێر سەرپەرشتی رۆگیۆ کاریان کردووە.

لەو کاتەی یەکێک لە کارمەندەکانی گوومانی خستووەتە سەر پڕۆژەی چەک دروستکردنەکەی، رۆگیۆ ئەو هاووڵاتییە ئیستۆنییەی بە چەندین شێوازی دڕندانە ئەشکەنجە داوە، وەک بەستنی ملی بە قایش و تەنگکردنی هەناسەیی و لێدان و هەڕەشەکردنی بۆ بڕینی پەنجەی و چەندین شێوازی دیکە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆگیۆ لە ڕێگەی "سەربازانی کورد" بەردەوام بووە لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییەکە بۆ ماوەی 39 ڕۆژ لە سەربازگەیەک. وەزارەتەکە زانیاریی زیاتری لەسەر چەکدارەکان ئاشکرا نەکردووە.

یاریدەدەری داواکاری گشتیی کێنس پۆلایتی بچووک دەڵێت "ڕۆگیۆ بەشێوەیەکی درندانە ئەشکەنجەی کەسێکی دیکەشی داوە بۆ ئەوەی دەستوەردان لە کارە نایاساییەکانی نەکات،" بەڵام زانیاریی زیاتری لە بارەی ناسنامەی کەسەکەی دیکەوە نەدرکاندووە.

ئەو بەرپرسە دادوەرییە سوپاسی قوربانییەکە و هەموو ئەو لایەن و کەسانەی کرد کە بەشداربوون لە ئاشکراکردنی تاوانەکان، کە لە نێویاندا حکومەتی ئیستۆنیاش هەیە.

ئەو تاوانانەی دادگاکە بەسەر ڕۆگیۆیدا ساخ کردوونەتەوە بریتین لە ئەشکەنجەدان و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوان لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەناردەکردنی پارچەی چەک و خزمەتگوزاریی بەبێ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوە و فێڵکردن و شووشتنەوەی پارە.

ڕۆگیۆ بەشێوەیەکی فەرمی لە 23ی ئابدا سزاکەی بەسەردا دەسەپێنرێت کە بریتییە لە زیندانی هەتاهەتایی.

ئەو هاووڵاتییە دووەم ئەمەریکییە کە بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانەوە دوچاری سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بووبێتەوە.


سەرچاوە: وەزارەتی دادی ئەمەریکا