بەهۆی رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی کوردستان نزیکەی 60 ملیۆن دینار زیان بەر یاریگای فڕەنسۆ هەریری کەوتووە
بەهۆی رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی کوردستان 50 تا 60 ملیۆن دینار زیان بەر یاریگای فڕەنسۆ هەریری کەوتووە و یانەی هەولێر داوای قەرەبووکردنەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەکات.
بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لە یاریی کۆتایی جامی کوردستان لە نێوان هاندەرانی دهۆک و پێشمەرگەی هەولێر روویدا، زیانێکی زۆر بەر یاریگای فڕەنسۆ هەریری کەوتووە، کە میوانداریی یارییەکەی کرد و لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرا.
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی زیانەکانی یاریگاکەیان بەهۆی رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی کوردستان گوتی:'ئێمە لێژنەیەکمان لە یانەکەمان پێکهێنا بۆ ئەوەی مەزەندەی زەرەر و زیانەکان بکات، بەگوێرەی مەزەندەکان نزیکەی 50 تا 60 دینار زیان بەر یاریگاکەمان کەوتووە و ئەمڕۆ نووسراوێکمان ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کرد و داوای قەرەبووکردنەوە دەکەین'.
هەروەها سەرۆکی یانەی هەولێر گوتیشی :'بەهۆی رووداوەکانی یارییەکەی یەکشەممە نزیکەی سێ هەزار کورسی ناو یاریگا و 20 کورسی VIP و سێ ئامێری دەنگ شکاوە، سەرجەم وایەرەکانی سیستەمی دنەگی ناو یاریگا پچڕێنراون و دوو دەرگای هاتنە ژوورەوەی هاندەرانیش شکێنراوە'.
رۆژی یەکشەممە یاریی کۆتایی جامی کوردستان لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەچوو، پێشمەرگەی هەولێر 2-1 لە دهۆکی بردەوە و بووە پاڵەوان، دوای کۆتایی یارییەکە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەران روویدا و نزیکەی 20 هاندەر برینداربوون و بووە هۆی ئەوەی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی جامی کوردستان هەڵبوەشێتەوە.