ئۆپێک: نەبوونی وەبەرهێنان هەڕەشە لە گەشەی بازاڕی نەوت دەکات

هەیسەم غەیس، سکرتێری گشتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت
هەیسەم غەیس، سکرتێری گشتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت

K24 - هەولێر

سکرتێری گشتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" رایگەیاند، کەمی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا رەنگە ببێتە هۆی ناجێگیری نرخەکان لە بازاڕدا و هەڕەشە لە گەشەکردن بکات.

هەیسەم غەیس، سکرتێری گشتی رێکخراوی ئۆپێک لە میانی چالاکییەکانی سییەمین خولی ساڵانەی کۆنفرانسی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  کە لە دوبەی بەڕێوەچوو گوتی: پێویستمان بە  وەبەرهێنانی گەورە هەیە لە سەرجەم کەرتەکانی وزەدا، ئەمە ئەو راستییەیە کە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت.

غەیس ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنەکانی ئۆپێک دەریدەخەن کە جیهان تا ساڵی 2045، پێویستی بە وەبەرهێنانی 12 تریلیۆن دۆلار هەیە لە کەرتی نەوت و گازدا، هەروەها ساڵانە لە کەرتی گەڕان و بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و پترۆکیمیایی دا پێویستی بە  500 ملیار دۆلار هەیە. دەشڵێت، "ئەمە پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ جیهان و بۆ پێشخستنی گەشەی ئابووری و هاوسەنگبوون لەگەڵ گەشەی دانیشتوانی جیهان".

بەرپرسەکەی ئۆپێک جەختیکردەوە، پەیامی هەمیشەیی ئۆپێک گرنگی زیادکردنی وەبەرهێنانە لە کەرتی نەوت و لە پیشەسازی نەوتدا لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی، ئەویش دوو هێندەبوونی ئابووری جیهانی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان بە نزیکەی یەک ملیار و 600 ملیۆن کەس تا ساڵی 2045 هەروەها جیهان لەسەدا 25 وزەی زیاتری پێویست دەبێت.

فەرەیدون فیشارکی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری وزەی “FGE” رایگەیاند، کە رەنگە جیهان رووبەڕووی کێشەی دابینکردن ببێتەوە لەگەڵ گەشەکردنی خواستی جیهانی نەوت بە رێژەی نزیکەی 8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بەهۆکاری سزاکانی رۆژئاوایە بۆ سەر رووسیادا.

فیشەرکی ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا دەتوانێت بە نزیکەی 10 بۆ 11 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمی هەبێت.