ته‌ندروستی عێراق: له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه 18 كه‌س به‌هۆی تای خوێنبه‌ربوون گیانیان له‌ده‌ستداوه
K24 – هەولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ژماره‌ی تووشبووان و گیان له‌ده‌ستدانی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوونی بڵاوكرده‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و پارێزگایه‌شی دیاریكرد كه به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه.
سه‌یف به‌در گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه 2023، ژماره‌ی تووشبووان به نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون گه‌یشتووه‌ته 128 كه‌س و 18 كه‌سیش به‌هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق هۆشداریشیدا، كه زۆرترین تووشبوو به‌م نه‌خۆشییه له پارێزگای زیقار تۆماركراوه.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه كه به زووترین كات تووشبووان ده‌ستنیشان بكات، ئه‌وكات چاكبوونه‌وه ئاسان ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه دره‌نگ پێ‌زانین تووشبوو له مردن نزیك ده‌كاته‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌ركی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه له‌رێگه‌ی قه‌ڵاچۆكردنی زینده‌وه‌ری گه‌نه رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه بكات.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوای له هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و شاره‌وانی كرد، رێگری له به‌خێوكردنی هه‌ره‌مه‌كی ئاژه‌ڵ بكه‌ن.
تای خوێنبه‌ربوون چییه؟
یه‌كێكه له نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه گوازراوه‌كان، كه ده‌بێته هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت.
له هه‌فته‌ی دووه‌م زیاتر مه‌ترسیداره، كه تووشبووه‌كه له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی جه‌سته‌ی تووشی خوێنه‌به‌ربوون ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تووشی سكچوونی خوێناوی ده‌بێت، ئه‌مه تا 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و به مردن كۆتایی دێت.
نەخۆشیەکە له ساڵی 1944 له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵداوه و به گشتی له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه.