سەروەر هاواری: زیاتر لە 3400 کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن

s
s

K24 - هەولێر:

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت ژمارەی کۆمپانیا بیانییەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، هەروەها دەڵێت: "ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی سەقامگیر و لەباری هەیە بۆ ئالوگۆر و گەشەی بارزگانی".

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەوڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24 رایگەیاند، ئەرکی سەرەکی پێشانگا بە بازاڕکردنە و بەبازاڕکردنیش ئامانجی سەرەکی کۆمپانیاکان و حکومەتە.

هەروەها راشیگەیاند، لە پێشانگاکەی ئەمڕۆ214 کۆمپانیا، بە 400 براند لە 15 وڵاتی جیاواز، بەشداریانکردبوو، هەروەها ساڵی پار 100 کۆمپانیا لە 11 وڵاتی جیاواز بەشداربوون. گوتیشی، زۆری پێشانگەکان دەرخەری ئەو راستیەیە ئەو وڵاتە لە گەشەندنێکی بەردەوام و ئانی دایە.

هاوکات سەروەر هاواری دەڵێت: "زیادبوونی رێژەی کۆمپانیای بیانی دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی سەقامگیر و لەباری هەیە بۆ ئالوگۆر و گەشەی بارزگانی".

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، باسی لەوەشکرد، لە %40ــی ئەو  براندانەی لای ئێمە تۆمارکراون بیانین لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل، کەلوپەلی خۆراک، چەندەها شتی دیکە. هەروەها گوتیشی، دەرگامان بۆ هەموو براندەکان کراوەیە بۆ ئەوەی بێن خۆیان تۆماربکەن.

سەروەر هاواری راشیگەیاند، لە چوارچێوەی 20 ملیار دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، پشکی هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیار دۆلارە، لەبارەی راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکانیش بۆ هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزیری بازرگانی ئاشکرایکرد، زیاتر لە سێ هەزار و 400 کۆمپانیای دەرەکی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.