ئۆکرانیا: وادەی دەستپێکردنی دژەهێرش بۆ سەر رووسیا نزیکە

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری سەربازی ئۆکرانیا رایگەیاند، وادە دەستپێکردنی دژەهێرش بۆ سەر رووسیا نزیکە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کێرل بۆگدانۆڤ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکرد، کاتی دژەهێرش لەلایەن سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا نزیک بووەتەوە.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا راشیگەیاند، هێشتا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سیڤل لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادان، هەر بۆیە پێویستە بە هەموو توانایانەوە هەوڵ بۆ دەرکردنی رووسیا لەسەر خاکەکەیان بدەن.

باسی لەوەشکرد، ئۆکرانیا هێشتا پێویستی بە چەکی زیاترە بەتایبەتی فڕۆکەی شەڕکەر و جۆرەکانی سیستەمی بەرگری.

پەیوەست بە جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا و لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، "سەرباری ئەوەی رووسیا ژمارەیەکی زۆر سەربازی لەپێناو باخموت کردووتەوە قوربانی، بەڵام شارەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە کۆنترۆڵکراوە".

پێشتر لە 20ـی ئایاری 2023، یێڤگێنی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەری رووسی رایگەیاندبوو، دوای 224 رۆژ لە شەڕ و پێکدادان، توانیویانە شاری باخمووت بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و 25ی ئایاریش رادەستی سوپای رووسیای دەکەن، بەڵام دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلێنکسی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەتکرایەوە کە تەواوی یاخمووت کەوتبێتە ژێر کۆنترۆڵی گرووپی ڤاگنەری رووسی.