وەزیری دارایی: مووچەخۆران سوودمەندی سەرەکی پڕۆژەی 'هەژماری من' دەبن

K24 - هەولێر
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی وەزارەتەکەی بۆ سەرخستنی کارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من' دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، "فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم سوودمەندی سەرەکی سیستەمەکە دەبن".
رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تیمی سەرپەرشتیی پڕۆژەی 'هەژماری من' لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری هەموو پشتیوانیەکی خۆی و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تایبەت بە پڕۆژەی 'هەژماری من' دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە "کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی سیستەمەکە دەبن و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت".
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم، کە بە هەماهەنگی راستەوخۆ لە نێوان نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا تیمی پڕۆژەکە، کە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی دەکات، ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا پڕۆژەی 'هەژماری من' هەنگاوی یەکەم و قۆناغی تاقیکردنەوەی بەسەرکەوتویی بڕیوە و توانراوە هەژماری بانکی بۆ 841 فەرمانبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر بکرێتەوە و لە ئێستادا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پڕۆژەکە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆرە، دەبنە خاوەنی هەژمای بانکی تایبەت بەخۆیان.
رۆژی سێشەممە 3ـی نیسانی 2023، عهزیز ئهحمهد، جێگری بهڕێوهبهری نووسینگەی سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان له ههڤپهیڤینێكدا لهگهڵ كوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەی هەژماری من، پرۆژەیەکی ستراتیژی درێژخایەنی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات و سوودی بۆ هاووڵاتیان، بازرگانی و حکومەتیش دەبێت.
عەزیز ئەحمەد روونیکردەوە، بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو، پێشبینیان دەکرد لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەست بەو پرۆسەیە بکەن، بەڵام توانییان لە مانگی شوباتدا، واتە چوار مانگ پێش ئەو وادەیە، یەکەم پرۆسەی تاقیکاری جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من دەستپێبکەن.
رۆژی چوارشەممە 15ـی ئاداری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من لە دیمانەیەکدا رایگەیاند، "هەموو شتێک لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکات. ئەوەی ئێمە پێمانکراوە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی هەژماری من بە هەموو خەڵکی کوردستان بگات."
رۆژی سێشهممه 28ـی شوباتی 2023، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان دهستپێشخهریی هەژماری من'ـی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، "لە مانگی حوزەیرانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم دیجیتاڵی بێت".
له بهشێكی دیكهی پهیامهكهیدا، مهسرور بارزانی روونیكردووهتهوه، (هەژماری من) رێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئهوهی بتوانن لە رێی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن، کە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.
سهبارهت به گرنگی ئهم دهستپێشخهرییه، سهرۆكی حكومهت ئاماژهی بهوهكردووه، "بههۆی ئهم دهستپێشخهرییه فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی".
سەردانی کەناڵی تێلێگرامی کوردستان24 بکەن: تێلێگرامی کوردستان24