وەزارەتی کارەبای عێراق لە بڕیارێکی ئێران نیگەرانە؛ "زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت"

وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق
وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق

K24 - هەولێر

ئێران رێژەی هەناردەی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە، وەزارەتی کارەبای وڵاتەکەش لە بڕیارەکە نیگەرانە و رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتەکە  بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە سەردانی تاران دەکات. ئاماژە بەوەش دەدات، هیچ قەرزێکی ئێرانیان لانییە و لەکاتی خۆیدا پارەی کڕینی گازیان داوە. 

رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئێران بە رێژەی 20 ملیۆن مەتر سێجا هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە.

لەبارەی هۆکاری کەمکردنەوەی هەناردەکردنی گاز لەلایەن ئێرانەوە، عەبادی بە ئاماژەدان بەوەی، هیچ کێشەیەک لە پێدانی پارەی کڕینی گاز لەو وڵاتە نییە و قەرزیشیان نەکردووە، گوتیشی، "لەوانەیە باتەکە پەیوەندی بە وەزارەتی کارەباوە هەبێت".

روونیشیکردەوە، پڕۆسەی پێدانی پارەی کڕینی گاز، لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقییەوە بەڕێوەدەچێت و هیچ دواکەوتنێک لە پێدانی هیچ بڕە پارەیەک بە وەزارەتی نەوتی ئێران لەلایەن وەزارەتەکەوە نەبووە.

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، هەفتەی داهاتوو بەمەبستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی رووبەڕوویان بووتەوە، شاندێکی وەزارەتی کارەبا سەردانی ئێران دەکات و "ئەو وڵاتە درک بەوە دەکەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین، عێراق پێویستییەکی زیاتری بە دابیبکردنی گازە بۆ وێستگەکانی کارەبا، بۆ زیاتر دابیکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییانمان".

وەکو ئەوەی عەبادی ئاماژەی پێ دەدات، وەزارەتی کارەبای عێراق پلانی داناوە بەرهەمهێنانی رۆژانەی کارەبا بگەیەنێتە 24 هەزار مێگاوات و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر بووە و دەکرێت داوکاری هاووڵاتییان بۆ بەرهەمهێنانی 35 هەزار مێگاوات لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە، ئەو کاتیش هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن، چونکە ئاستی بەرهەمهێنان ناگاتە ئاست داواکاری خەڵک.

پڕۆسەی باشترکردنی سیستەمی کارەبا لە عێراق بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی ئەو وڵاتە گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای جی ئی، سەیمێنز و چەند وڵاتی ناوچەکە واژووکردووە و کار لەسەر بەرفراونکردنی تۆڕەکانی کارەبا و باشتکردنیان دەکرێت. ئەمە بەگوتەی ئەحمەد عەبادی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی.

بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان ئێران و عێراق کە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023 لە بوارەکانی گاز، نەوت و پیترۆکیمیایی لە بەغدا واژووکراوە، دەبێت تاران رۆژانە 55 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی عێراق بکات، بەڵام ئەو بڕە لە وەرزی گەرما و بەهۆی پێداویستی نێوخۆی ئێرانەوە دادەبەزێت بۆ 45 ملیۆن مەتری سێجا. ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست، رۆژانە 60 ملیۆن مەتری سێجا گازی پێویستە.

عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیانی لە ئێرانەوە گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەردوو پارێزگای بەغدا و بەسرە دابیندەکات و بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی ئێران، یەک لەسەر سێی گاز و کارەبای عێراق، لەلایەن ئێرانەوە دابیندەکرێت.