بە پاساوی ناوی کوردستان؛ پارتی زافەر لە ئەنقەرە رێگە نادات کوردستان24 رووماڵی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بکات

K24 - هەولێر:

پارتی زافەر لە ئەنقەرە بە پاساوی ناوی کوردستان، رێگەیان بە تیمی کوردستان24 نەدا بەشداری لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتەکە بکات.

ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی 'زافەر'ـی نەژادپەرست لە تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پشتیوانی خۆی بۆ کەمال کڵچدار ئۆغڵو کاندید بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دەربڕی.

لەو کۆنفراسە رۆژنامەوانیەدا، لەلایەن چەند ئەندامێکی ئەو پارتەوە رێگری لە تیمی کوردستان24 کرا کە رووماڵی کۆنفرانسەکە بکەن.

ئەو کەسانەی رێگریان لە تیمی کوردستان24 کرد، باسیان لەوە کردووە، ئەو بڕیارە لە سەرۆکی پارتەکە، ئومێد ئۆزداغەوە هاتووە.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی تورکیا لقی ئەنقەرە لەلای خۆیەوە سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد.

سەرۆکی پارتی زافەر پێشتریش رایگەیاندووە، ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکان بگەنە دەسەڵات رێگە نادەن کوردستان24 لە سنووری تورکیا و باکووری کوردستان کاری میدیایی بکەن.