سووریەکان لەپێناو بژێوی خێزانەکانیان کاری قورس دەکەن

کارکردنی کرێکاریکی سووری
کارکردنی کرێکاریکی سووری

K24 - هەولێر

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەزاران سووری لە باکووری رۆژئاوای سووریا، بۆ پەیاکردنی بژێوی ژیانیان و دەستەبەرکردنی خەرجی خێزانەکانیان پەنایان بردووەتە بەر کارکردنی سەخت و قورس.

گەنجێکی تەمەن 30 ساڵان، بەناوی رەحمۆ حەلەبی و دەیان کرێکار کە بەشێکیان تەمەنیان لە سەرووی شەست ساڵەوەیە، لە ناوچەیەکی شاخاوی لە ژێر خۆرێکی گەرمدا، لە نزیک ناوچەی حەزرە، کاری دەرهێنانی بەردی زەبەلاح دەکەن دواتر دەشیکێنن و دەیگۆڕن بۆ بەردی بچووک، کرێی کارکردنەکەش رۆژانە بە  50 لیرەی تورکیە، کە دەکاتە دوو دۆلار و نیو.

رەحمۆ دەڵێت: زۆربەی کات کە بەردەکان لەزەوی دەردەهێنم بەهۆی ئامێرێکی دەستی توشی سەختی و ماندی بوون دەبمەوە.

گوتیشی، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی کارکردن، کە بریتییە لە شکاندنی بەردەکە بۆ پارچەی بچووک و نەخشاندنی بەجۆرێک کە گونجاو بێت بۆ بیناسازی، هەست دەکات وەک ئەوەیە کە هۆشی خۆی لەدەست بدات، ئەمەش لەبەر سەختی کارەکەیە، ئەو کارکردنەش بۆ ئەوەیە کە ئێوارە کرێیەکی رۆژانە وەربگرێت، بۆ یارمەتیدانی ئەندامانی خێزانەکەی و دەستەبەرکردنی پێداویستیەکان لە خۆراک و دەرمان و شیری منداڵەکان.

رەحمۆ بۆیە پەنای بۆ ئەم کارە سەختە بردووە، چونکە رێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی خۆراک و کەرەستەی فریاگوزاری بە رادەیەک کەمکردەوە کە بەشی دەڕۆژ زیاتری نەدەکردن بۆ خۆی و خێزانەکەی کە پێکهاتوون لە خۆیو  هاوسەرەکەی 5 کەسی دیکە.

ئەحمەد، ئاوارەیەکی خەڵکی گوندی بابیدە لە لادێی حەلەب، کە لە هەمان کاردا کاردەکات، باسی لە سەختی مەترسییەکانی پیشەکە کرد و گوتی: نازانین کەی ئەو بەردانەی کە لە زەوی دەرهێنراوە بەسەرماندا دەخلیسکێت، چونکە پێشتر لەکاتی گواستنەوەی بەردەکان چەندین کرێکار بەردەکانیان پێدا کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای ئەو هەموو مەترسی و برینداربوونە، هێشتا یاسایەک نییە کە خاوەنکار چاودێری بریندارەکان بکات و هەرکەسێک لەکاتی کارکردندا برینداربێت، دەبێت بڕە پارەیەک لەنێو خۆماندا کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدەین تا چاکببێتەوە".

لە جەرگەی شاری جندریس خالید تەمەن 25 ساڵ، لە پیشەیەکی سەختدا کار دەکات کە کەمترنیە لەوەی پێشوو، ئەویش راستکردنەوەی ئاسنی بیناسازییە کە لە باڵەخانە وێرانبووەکانەوە دەرهێنراون، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی رابردوو شارەکەی گرتەوە.

ئەو دەڵێت، دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەکە، هیچ بژاردەیەکی کراوە نەمابوو بۆ ئەوەی کاربکەین و ئەو دەرفەتانەی کە لە زۆربەیاندا بەردەستن، سنووردارە بە پیشە و کارە سەخت و قورسەکانی جەستەیی، لەوانەش راستکردنەوەی ئاسن، بە کرێی رۆژانە لە نێوان 5 بۆ 8 دۆلار کاردەکەین.

ئەو ئۆرگانە ئیداریانەی کە لەلایەن حکومەتی "کاتی"ەوە نوێنەرایەتی دەکرێن بە پاڵپشتی ئەنقەرە، هەوڵدەدەن هەلی کار لە لادێکانی حەلەب و ئیدلب دابین بکەن، لە کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک و جلوبەرگ و ناوچە پیشەسازییەکان.