حەلبوسی: رۆژی شەممە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شەممەی داهاتووی وەک وادەی دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دیاریکرد.

درەنگانی شەوی رابردوو، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "بودجە لە کۆتاییەکانیدایە، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی دارایی هەبوو و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانیان و پەیوەندیکردنیان بەرز دەنرخێنین"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە ئامادەیە رۆژی پێنجشەممە پرۆژەیاسای بودجە رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران بکات".

حەلبوسی دەشڵێت، "هەندێک تێبینی هەیە لە دانیشتنی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە یاسادانانی رەشنوسەکە بەردەوام بێت"، جەختیشی لەوە کردەوە، یاساکە گرنگە و وەبەرهێنانێکی زۆری تێدایە، هەروەها  پڕۆژەی ستراتیژی کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی خزمەتگوزاری بەرنامەی حکومەت دەبێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا ئاشکراشی کرد، "لیژنەکە هەندێک بڕگەی زیاد کرد و هەندێکی دیکەی هەموارکردەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە تێڕوانینی وڵات بکات بە گشتی، هەروەها بەشداریکردن لە بەهێزکردنی رۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت لە ئەنجامدانی چاکسازی و حوکمڕانی لە هەندێک جومگەدا، لە رۆژی شەممەی داهاتووش دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت.