پەردە لەسەر سێیەمین پەیکەری بڕۆنزی هونەرمەندێکی کورد لە ئەڵمانیا هەڵدرایەوە

.
.

K24 - هەولێر:

شارەوانی مونهایم لە ئەڵمانیا پەردەی لەسەر سێیەمین پەیکەری هونەرمەندێکی کورد هەڵدایەوە، کە ناوی ناوە (خۆراکی رۆح).

پەیکەرەکە، باس لە جوانییەکانی ژیان و دیوە رووناکەکانی ژیان دەکات، کە هێشتا مرۆڤ بە ئاواتەوە دەڕوانێتە گەیشتن بەو رووخسارە گەشەی سەردەم.

خۆراکی رۆح سەربوردەی خۆشەویستیەکی بێ کۆتای سامان هیدایەتی پەیکەرتاشی کوردە، کە لەو ئەزموونە نوێیەدا دەیەوێت جیهان لەگەڵ خۆراکی رۆح، کە خۆشەویستییە ئاوێزانی یەکتر بکات.

.

سامان هیدایەت، سێیەمین پەیکەری لە شاری مونهایم بە چاودێری سەرۆکی شارەوانی ئەو شاره هەڵدایەوە، پێشووتریش پەیکەری بتهۆڤن و چەند شاکارێکی هونەری پێشکەش بە ئەڵمانەکان کردووە.

لەم بارەیەوەش بە کوردستان24ـی راگەیاند: پەیکەرەکەم جێی تێڕامانی هەموو ئەو هونەرزان و شێوەکارە جیهانیانە بوو، کە وێڵ بوون بەدوای نوێگەری لە ریفۆرمی شێوەکاری و پەیکەرتاشی دا، ئەم پڕۆژە هونەرییەی منیش وایکرد، لە داهاتوودا چەند کارێکی هاوبەش لە قوتابخانەی هونەر لە ئەڵمانیا پێشکەش بە خەڵکی ئەو وڵاتە بکەم.