لە هێرشێكی چەکداریدا لە ژاپۆن سێ کەس کوژران

K24 - هەولێر:

لە هێرشێکی چەکداریدا لە هەرێمی ناگانکۆی ژاپۆن سێ کەس کوژران کە دووانیان پۆلیسن.

میدیاکانی ژاپۆن بڵاویانکردەوە، هێرشەکە لەهەرێمی ناگانکۆی ناوەڕاستی ژاپۆن روویداوە و کەسێک بە چەک و چەقۆ هێرشی کردووەتەسەر ژمارەیەک ئەفسەری پۆلیس و دووانیانی کوشتووە، دواتر کەسێکی دیکەشی کوشتووە.

میدیاکانی ژاپۆن باسیان لەوەشکردووە، دوا بەدوای هێرشەکە پۆلیس لەناو باڵەخانەیەکدا گەنجێکی بەتۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لە پاڵنەرەکانی پشت ئەنجامدانی هێرشەکە بەردەوامە.

لە ساڵی 2018، کە ئەوکات ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن زیاتر لە 125 ملیۆن کەس بوو، تەنها نۆ حاڵەتی مردنی بەهۆی چەکی ئاگرینەوە تۆمار کرا، لەکاتێکدا لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکا لە هەمان ساڵدا 39740 حاڵەتی مردن بەهۆی چەکی ئاگرین تۆمار کران.

یەکێک لە رووداوە هەرە دیارەکانی تەقەکردن لە ژاپۆن، مانگی تەمووزی 2022 تۆمار کرا، کە لەوکاتەدا شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە لە شاری نارا، تەقەی لێکرا و دواتر گیانی لەدەستدا.