قائیمقامی هەولێر: کەمتر لە مانگێکی دیکە شێڵتەری سەگە بێلانەکان تەواو دەبێت

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر

K24 - هەولێر

قائیمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، رۆژ بە رۆژ ژمارەی سەگی بێلانە لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری لە زیادبووندایە. لەبارەی کارەکانی ئەو شێڵتەرەی بڕیاردراوە بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت، دەڵێت، کەمتر لە مانگێکی دیکە شێڵتەرەکە تەواو دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 13:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، ژمارەی سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و بوونەتە مەترسیی جیددی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان لە پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم، تەنانەت تا ئێستا حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە.

وەکو ئەوەی قائیمقامی هەولێر  ئاماژەی پێ دەدات، لە ئێستادا لە هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان سەگ ناکوژرێت و ئەو کارە قەدەغە کراوە و، وەکو خۆی باسی دەکات، ئەو چەندە وایکردووە، ژمارەی ئەو سەگانە رۆژ بە رۆژ لەسەر شەقام و کۆڵانەکان و نێو گوند و شارەکان زیادبێت.

لەبارەی زۆربوونی دیاردەی پەلاماردانی سەگە بێلانەکان، قائیمقامی هەولێر گوتی، بەشێکی زۆری سەگەکان بێ زیانن و پەلاماری هاووڵاتییان نادەن، بەڵام "کاتێک برسی دەبن پەلاماری خەڵک دەدەن. پێموایە ئەو سەگانەی ئەمڕۆش پەلاماری مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکیان لە بەحرکە دا برسی بوونە، بۆیە پەلاماریان داون".

نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی کۆتاییهاتنی کارەکانی دروستکردنی ئەو شێڵتەرەی بڕیاردراوە بۆ سەگی بێلانە لە ناوچەی لاجانەی هەولێر دروستبکرێت، ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی کەمتر لە مانگێکی دیکە شێڵتەرەکە ئامادە دەبێت و لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە بەڕێوەدەبرێت، چەند تیمێک پێکدەهێندرێن بۆ گواستنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ نێو ئەو شێڵتەرە و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەریی هەولێر سەرپەشتیی تیمەکان دەکات.

قائیمقامی هەولێر دووپاتیشی کردەوە، ئەو شێڵتەرەی کە بڕیارە کارەکانی کەمتر لە مانگێکی دیکە تەواوببن، پێشتر نە لە عێراق و نە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی نەبووە و دروستنەکراوە. "بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە و بە شێوەیەکی زانستی لەلایەن پسپۆڕانەوە دەخەسێندرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زیاد نەبن. دوای خەساندنیان، سەگەکان بەڕەلا دەکرێن".

 

 

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە؛ لە ناحیەی بەحرکەی سەر بە هەولێر ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماری مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکیان دا و 30 سەر مەڕ و بزنیان مردار کردن. خاوەنەکەشیان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات چارەسەرێک بۆ ئەو سەگانە بدۆزێتەوە.

عەبدولستار هەرکی، خاوەنی ئەو حەسارەی مەڕوماڵاتی خۆی لە ناحیەی بەحرکە لێی بەخێوکردووە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 04:30، شوانەکە هاتووە مەڕوماڵاتەکە بباتە ئاقار و بیانلەوەڕێنێت، دواتر بینیویەتی ژمارەیەک سەگ پەلاماری حەسارەکەیان داوە و لە کۆی 35 سەر مەڕ و بزن، تەنها پێنج سەر ماونەتەوە.

بەگوتەی عەبدولستار هەرکی، ژمارەیەکی زۆری سەگی بێلانە لە دەڤەرەکەیان هەن و بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ژیانیان و، جاری یەکەمیش نییە لەو سنوورە پەلاماری مەڕوماڵاتی هاووڵاتییان بدەن، "پێشتر ئەگەر پەلاماری مەڕوماڵاتییان بدابایە، دوو سێ سەر مەڕ و بزنیان مردار دەکرد، بەڵام ئەمە بۆ جاری یەکەمە بەم شێوەیە پەلاماری مەڕوماڵات بدەن و ئەم ژمارە زۆرە مردار بکەن".

دوێنێ چوارشەممەش 24ـی ئایاری 2023، ژمارەیەک سەگی بێلانە لە هەولێر پەلاماری منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانیان دا و بریندارییان کرد، دواتر لەلایەن دراوسێکانیه‌وە رزگار کرا.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن و لەماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر تۆمارکراون.

دوای ئەوەی پەلاماردانی هاونیشتمانیان لە لایەن سەگی بێلانەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیادیکرد، بڕیاردرا لە دەرەوەی شار شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت. شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە

لەوبارەوە رۆژی دووشەممە 15ـی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ، ''ئامادەکردنی شێڵتەرەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، میکانیزمی دەستگیرکردنی سەگە بێلانەکان دەستپێدەکەین.'' ئاماژەی بەوەشکرد، سەگە بێلانەکان لە شێلتەر راناگیرێن و دوای خەساندن و ڤاکسینکردنیان، بەرەڵڵا دەکرێنەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ کۆکردنەوەی سەگەبێلانەکان پێویستییان بە هاوکاری خەڵکە و هەڵمەتێک رادەگەیێنن بۆ ئەوەی هەر گەنجێک دەیەوێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت و، وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، تێچووی ئەم پڕۆژەیە بۆ حکومەت زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.