ئه‌مه‌ریكا چین به پاڵپشتیكردنی لایه‌نێكی كارای هێرشی ئه‌لیكترۆنی تۆمه‌تبار ده‌كات
K24 - هەولێر:
واشنتۆن و ژماره‌یه‌ك له هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانی و كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، لایه‌نێكی كارای سیبرانی "هێرشی ئه‌لیكترۆنی" كه له‌لایه‌ن په‌كینه‌وه پشتیوانی لێ ده‌كرێت، توانیویه‌تی ژێرخانی زیندووی ئه‌مه‌ریكا ببه‌زێنێت، هاوكات هۆشداری ده‌ده‌ن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشی هاوشێوه له سه‌رجه‌م جیهان.
له هۆشدارییه‌كی هاوبه‌شدا، ده‌سه‌ڵاتی ئاسایشی سیبرانی له ئه‌مه‌ریكا و ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی دیكه‌ی رۆژئاوا، رایده‌گه‌یه‌نن، توانیویانه گرووپێكی چالاكی سیبرانی ده‌ستنیشان بكه‌ن، كه له‌لایه‌ن چینه‌وه پشتیوانی لێ ده‌كرێت و به "ڤۆڵت تایفۆن" ناسراوه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و هۆشدارییه هاوبه‌شه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی و كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، ئه‌و چالاكییه سیبرانییه، كاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كه‌رته‌كانی ژێرخانی زیندووی ئه‌مه‌ریكا دروست كردووه، كه ده‌كرێ هه‌مان ئه‌و كاریگه‌رییانه و به‌هه‌مان شێواز له‌سه‌ر هه‌موو جیهان دووباره ببێته‌وه.
هاوكات كۆمپانیای مایكرۆسۆفت له راگه‌یه‌ندراوێكی تایبه‌تدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ڤۆڵت تایفۆن له‌وه‌ته‌ی ناوه‌ڕاستی ساڵی 2021ـوه چالاكه ، ژماره‌یه‌ك ژێرخانی ئه‌لیكترۆنی به‌ئامانج گرتووه، له‌ناویشیاندا ژێرخانی زیندووی دوورگه‌ی گوامی ئه‌مه‌ریكی، كه بنكه‌ی سه‌ره‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكییه له ئۆقیانووسی هێمن.
مایكرۆسۆفت هۆشداری داوه، كه ڤڵت تایفۆن له داهاتوودا ئاڵۆزی له‌نێوان ژێرخانی زندووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی ئاسیا دروست ده‌كات. هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و لایه‌نه چالاكه، له توانایدایه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ خۆی له ئاشكرابوون بپارێزێت.