حاکم قادر: نابێت رێگەبدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت

حاکم قادر
حاکم قادر

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، گەلی کوردستان پێویستی بە یەکگرتووییە و گرنگیشە رێگە نەدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت.

‌‌حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەمیانی سەردانیکردنی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، "گەلی کوردستان پێویستی بە یەکگرتووییە، چونکە ئالنگارییەکانی بەردەممان گەورەن، گرنگیشە رێگە نەدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت بە پێچەوانەوە هەوڵبدرێت سازانێک بهێندرێتە کایەوە کە خزمەت بە گەشەپێدان و نیشتمان و بەرژەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بکات".

‌‌حاکم قادر گوتیشی، "پێشوازی و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتی دەکەین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی نێوان لایەنەکان بکرێت چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عێراق."

‌ھەروەھا ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی، بـە پێویستیزانی گوێ لە پێشنیازەکانی ھاوپەیمانان و دۆستەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت. هاوکات هەڵبژاردنیشی بە مافێکی رەوای گەلی کوردستان لەقەڵەمەدا و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەردەمیانەی دوور لە دەستێوەردان کرد.

دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، کە لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە و سەردانیکردن لەنێوان لایەنەکان دەستیپێکرد و بووە هۆی لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان.

رۆژی (21ـی ئایاری 2023)، لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ‌ئاراسته‌ی گشت ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی کرد، ئاماژەی بەوەکردووە، خاڵێکی دیکە بۆ دانیشتنی رۆژی دووشەممە (22ـی ئایاری 2023) زیادکراوە، ئەویش كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانە بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ لە رێکەوتی تەواوبوونی ماوەی یەکەمی لە (23ـی کانوونی یەکەمی 2019) و رۆژی دواتریش دەقی بڕیارەکە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".