هەردی حەسەن خەڵاتێکی نوێی لە ڤیستیڤاڵی فەڵەستین بۆ فیلم بەدەستهێنا

هەردی حەسەن، دەرهێنەری فیلم
هەردی حەسەن، دەرهێنەری فیلم

K24 - هەولێر:

فیلمی ماڵێکی تاریکی سپی، لە سیناریۆ و دەرهێنانی "هەردی حەسەن عەلی"ـە، دوای بردنەوەی چەند خەڵاتێک لە وڵاتانی عەرەبی، ئەمجارەیان لە ڤیستیڤاڵی فەڵەستین بوو بە خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت، کە سارینا پەناهیدا رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و دووەمین خەڵاتە بە فیلمی ماڵێکی تاریکی سپی بەدەستی بهێنێت.

هەردی حەسەن، دەرهێنەری فیلم، لە بارەی سەرکەوتنی فیلمەکەی لە نێو ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانەوە بۆ کوردستان24 گوتی: مانگی رابردوو فیلمەکەم، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە ڤیستیڤاڵی لوبنانی نێودەوڵەتی پێبەخشرا.

هەروەها گوتیشی، فیلمەکە بە ئاستەنگێکی زۆرەوە لە شاری هەولێر وێنەی بۆ گیراوە لە لایەن ستافێکی گەنجی لێهاتوو کاری تێداکراوە، هەر یەک لە محمد ئیدریس، وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، گۆران مەعروف، دیزاینەری سێت، زانیار کاکەخانی، کاری دەنگ، کارزانی پیران، بەڕێوبەری بەرهەم ، کاردینا هێمن، بەرنامە ڕێژ و چەندین گەنجی پڕ توانای بواری سینەما.

جەختی لەوەکردەوە، جگە لەو خەڵاتەی فەڵەستین، لە پێشووتردا بەم کورته فیلمه، بووەتە خاوەن خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتێ هیندستان بۆ گەردوون، هەروەها  چەند خەڵاتێکی دیکە لە ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەدەستهێناوە.

هەردی حەسەن، جگە لەوەی کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە، نووسەر و بەرهەمهێنەریەتی و لەلایەن سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و هونەری بەرهەمهێنراوە.

ماوەی فیلمەکەش 18 خولەکە و ناوەڕۆکی فیلمەکەش باس لە دانا و شیرین دەکات، کە لە نێوان چیرۆکی نووسەرێک و ژیانی راستەقینەی خۆیاندا، لە فیلمی دەرهێنەرێکدا وون دەبن، دانا دەیەوێت ئەو دۆخەی کە پێشتر بۆیان هاتووەتە پێش؛ لە ژیانی راستەقینەیاندا چارەسەری بکات، بەڵام چیرۆکەکە لە نووسەر ون دەبێت و ژیانێکی دوور لە ژیانە سادە و جوانەکیان دەکرێت بە فیلم و بە شێوازێکی نەرێنی دەخریتەڕوو.

روونیشیکردەوە، ئەو وەک فیلمسازێک بەردەوام هەوڵ بۆ ئەوە دەدات لە رێگەی سینەماوە ببێتە ئاوێنەی کۆمەڵگەکەی و لە خەڵک لە فیلمەکانیدا خۆیان ببینەوە، هەورەها لە رێگەی فیلمەوە چیرۆکی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی بە جیهان بناسێنێت و کولتوور و مێژووی کورد لە هۆڵە سینەماییەکاندا بخاتەڕوو.

خ
ز
ج
ا