نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان جێهێشت

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە دا
کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر چەند ماددەیەکی جێناکۆکی نێوان لایەنەکان لە پرۆژەیاسای بودجە دەدات و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو دانیشتنی لیژنەکە جێدەهێڵن.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: لیژنه‌ی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیدا ئه‌مشه‌و ده‌نگی له‌سه‌ر چەند مادده‌یه‌كی دیكه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ داوه‌. هاوكات ئەندامێکی لیژنەی دارایش بە کوردستان24ـی راگەیاند، وادەی پەسەندکردنی بودجە دیار نییە.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو پێشنیازانەی پێشکەشکرابوو بۆ ماددەکانی 13 و 14 لەلایەن هەندێک لایەنی شیعییەوە جیاواز بوو لەو پێشنیازانەی ئەمشەو لە کۆبوونەوەکە خستیانەڕوو کە بەبێ گفتوگۆکردن بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕاندرا بۆیە سوننەکان و بەشێک لە نوێنەرانی کورد دەنگیان بۆ نەدا.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕاندنی ئەو دوو ماددەیە پێشێلی ئەو رێککەوتنەبوو لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی کراوە بۆیە ئێمە دەنگمان پێنەدا و ئەگەری هەیە لە لە داهاتوو لە پرسەکانی نەوت و غاز و خاڵە هەڵپەسێدراوەکانی دیکەش پێشێلی رێککەوتنەکان بکرێت.

هەروەها جەمال کۆچەر روونیکردەوە، ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە تایبەتە بە دەبوو ئەو دەقە پەسەندبکرێت کە لە حکومەتەوە هاتووە کە پەیوەستن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دابەشبوون.

جەمال کۆچەر باسی لەوەشکرد، ئەو پێشنیازانە هۆکارێکە بۆ پەکخستنی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی کە ئەمەش ناردنی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پەیوەست کردووە بە چەند مەرجێکەوە کە زەحمەتە بۆ جێبەجێکردن.

هاوکات پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دوو کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەی یەکەم تایبەت بوو بە پرسی کورتهێنان و کۆبوونەوەی دوومیش تایبەت بوو بە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی کە تایبەتە بە پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی.

بەپێی هەژمارکردنی 100 دۆلاری ئەمریکی بە بەهای 130 هەزار دینار، کۆی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە 153 ملیار و 93 ملیۆن و 932 هەزار دۆلار.

درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار، دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 کرد.

رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسان 2023، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت

0
0
0