"ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ سبه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌"

K24 - هەولێر:

سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ سبه‌ی شه‌ممه‌ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.

محەممەد حەلبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیایی په‌رله‌مانی عێراقی راگه‌یاندووه‌، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە و لە میانیدا پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2023یان تاووتوێکردووە.

حەلبوسی ئاماژەی بەوەداوە، لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئامادەیە پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی په‌رله‌مان بکات و رایگەیاندووە: "پڕۆژەیاساکە گرنگە و پڕۆژەی زۆری وەبەرھێنان و ستراتیژیی تێدایە، کە لە داھاتوودا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر رەوشی خزمەتگوزاریی دەبێت".

باسی لەوەش کردووە، لیژنەی دارایی ژمارەیەک بڕگەی لە پڕۆژەیاسای بودجە تایبەت بە چاکسازیی زیادکردووە، کە دەبێتە مایەی پتەوترکردنی رۆڵی دامەزراوە گشتییەکان لە ئەنجامدانی چاکسازییدا.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر ھەیە، سبه‌ی (شەممە 27ی ئایاری 2023)، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2023 له‌ په‌رله‌مانی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی بكات.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.