لە شارێکی ئەمەریکا منداڵانی کورد فێری زمانی دایکیان دەکرێن

kurdistan24.net

K24 - واشنتن

لە شاری هاریسەنبێرگی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا رەوەندی کوردی شارەکە هەستاون بە کردنەوەی کۆرسی زمانی کوردیی بۆ منداڵەکانیان کە خۆبەخشانە لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە وانەکان دەگوترێنەوە.

ئامانج لە کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە فێرکردنی منداڵە کوردەکانە بە زمانی دایک و کەلتوور و مێژووی کورد.

قوتابخانەکە کە ساڵی یەکەمە کراوەتەوە نزیکەی 120 منداڵ خراونەتە بەر خوێندن، کە بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست نەتوانراوە هەموو ئەو منداڵانە وەربگیرێن کە داواکاریان پێشکەشکردووە.

سابیر حاجی، بەڕێوەبەری سەنتەری سەڵاحەددین لە هاریسەنبێرگ لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: هەوڵیانداوە لەم شارەدا بەرنامەیەک بۆ کۆمەڵگەی کوردی دابنێن. گوتیشی: بیرمان لەوە کردەوە قوتابخانەیەک دابمەزرێنین کە لە رێگەیەوە بتوانیین نەوەکانمان دوور لە رەگەزپەرستی پەروەردە بکەین.