واشنتن ئیدانه‌ی رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی نێوان بێلاڕووس و رووسیا ده‌كات

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمه‌ریکا ئیدانەی رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی نێوان بێلاڕووس و رووسیا ده‌كات.

ماسیۆ میلله‌ر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا واژۆکردنی رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە نێوان بێلاڕووس و رووسیا، ئیدانە کرد.

میللەر لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانە سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان رووسیا لەگەڵ بێلاڕووس بۆ هێنانی مووشەکی ئەتۆمی تاکتیکی بۆ بیلاڕووس، میللەر گوتی: "قسە لەبارەی ئەو بەڵگە یان هەڵسەنگاندنە ناکەم کە لەبەردەستماندایە، بەڵام دەمەوێت بڵێم کە بەتوندی ئیدانەی ئەو رێککەوتنە ده‌كه‌ین، ئەوە دوا رەفتاری نابەرپرسیارانەی رووسیایە کە دوای دەستدرێژییەکانی بۆسەر ئۆکرانیا، بینیومانە".

بە ئاماژەدان بەوەی کە پێشتر میلله‌ر رایانگەیاندووە، لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی، کیمیایی یان ئەتۆمی لە ئۆکرانیا، باجی قورس دەدەن، میللەر رایگەیاند، کە هیچ ئاماژەیەک نییە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە.

دوێنێ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو و هاوتا بێلاڕووسییەکەی، ڤیکتۆر هرینین ئەو بەڵگەنامانەیان واژۆ کرد کە سەبارەت بە جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووس ئامادە کرابوو.