ئێف بی ئای پلانێکی تیرۆرکردنی شاژنە ئیلیزابێس ئاشکرا دەکات

شاژنە ئێلیزابێسی دووەم (1926 - 2022)
شاژنە ئێلیزابێسی دووەم (1926 - 2022)

K24 - هەولێر:

چەند بەڵگەنامەیەکی پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) کە هێندە نابێت بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن، ساڵی 1983 پلانێک هەبووە بۆ کوشتنی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم کە لەو کاتەدا سەردانی ئەمەریکای کردووە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لەو ساڵەدا کە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم سەردانی ئەمەریکای کردووە، ئێف بی ئای کە لە پاراستنی شاژنە ئیلیزابێس هاوکاری پاسەوانەکانی خێزانی شاهانەیان کردووە، ترسی ئەوەیان هەبووە لەلایەن سوپای کۆماریی کاتی ئێرلەنداوە شاژنی بەریتانیا بە ئامانج بگیرێت.

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، ئەفسەرێکی پۆلیس (ئێف بی ئای) لە بوونی هەڕەشەیەک لەسەر ژیانی شاژنە ئێلیزابێس ئاگادارکردووەتەوە.

کەناڵی بی بی سی بەریتانی لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو ئەفسەرە لە مەیخانەیەکی ئێرلەندی لە سان فرانسیسکۆ مانگێک پێش سەردانەکەی شاژنە ئێلیزابێس، چاوی بە پیاوێک کەوتووە کە نیازی تۆڵە سەندنەوەی هەبووە و پێی گوتووە: "کچەکەم لە باکووری ئیرلەندا بە گوللـەی پلاستیکی کوژراوە".

بەڵگەنامەکان دەڵێن: ئەو پیاوە بەنیاز بووە، کاتێک یەختی خێزانی شاهانەی بەریتانیا بەژێر پردی گۆڵدن گەیت تێدەپەڕێت شتێک هەڵبداتە سەر یەختەکە بە مەبەستی زیان گەیاندن بە شاژن، یان هەوڵی کوشتنی شاژنە ئێلیزابێس بدات کاتێک سەردانی پارکی نەتەوەیی یۆسمایت دەکات.

لە وەڵامی ئەم هەڕەشانەدا، ئێف بی ئای رێکاری ئەمنی بۆ پاراستنی یەختەکە دەگرێتەبەر، بەڵام هیچ وردەکارییەک لەسەر رێکارە ئەمنییەکان ئاشکرا نەکراون.