راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی کاریگەری لەسەر کۆمپانییاکانی گەشتیاری درووستکردووە

فڕۆکەخانەی سلێمانی
فڕۆکەخانەی سلێمانی

K24  - سلێمانی:

دوای ئەوەی وڵاتی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی لە نێوان سلیمانی وڵاتەکەی راگرت، هاوکات ئەو کارەی تورکیا هاووڵاتییان و خاوەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانی شاری سلێمانی نیگەرانکردووە.

سالا تۆفیق، خاوەن نووسینگەیەکی گەشتیاری لە شاری سلێمانی بە کوردستان24ــی راگەیاند، کارەکانمان %50 کەمیکردووە، بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییانی سلێمانی حەز دەکەن هەر لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشت بۆ تورکیا بکەن، نایانەوێت فڕۆکەخانەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.

لەلایەن خۆیەوە، عەتا ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵگەی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، ئەم گەشتانە تا 3ــی تەمووزی ئەمساڵ راگیراوە، "هیوادارین وڵاتی تورکیا بە بڕیارەکیدا بچێتەوە و گەشتەکان دەستپێبکاتەوە".

هەروەها گوتیشی: "راگرتنی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا هەردوولا بەهەمان شێوە زەرەرمەند دەبن".

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بەهۆی راگیرانی گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ وڵاتی تورکیا، فڕۆکەخانەکە مانگانە زیاتر لە 135 گەشتی لەدەستدەچێت، کە دەکاتە نزیکەی %40ــی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە.

رۆژی (3ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە تاک لایەنەیە و داوای روونکردنەوەمان لە وڵاتی تورکیا کردووە.

هەروەها رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.