سەرۆک بارزانی: مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتە خراپەكانی لۆزان تەنیا لەسەر شانی گەلی كوردستان نییە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی دیداری یەکەمی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە لۆزانی سویسرا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە لەو ململانێیە دوورودرێژ و سەدساڵەیەی لەنێوان حكوومەتەكانی ناوچەكە و گەلی كوردستاندا دروست بووە، بە هیچ شێویەك گرفتەكان ڕەنگی ناكۆكیی نەتەوەیی نەگرتووە."

لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە داوە: "جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە لەو ململانێیە دوورودرێژ و سەدساڵەیەی لەنێوان حكوومەتەكانی ناوچەكە و گەلی كوردستاندا دروست بووە، بە هیچ شێویەك گرفتەكان ڕەنگی ناكۆكیی نەتەوەیی نەگرتووە و كورد هەمیشە لەنێو نەتەوەكانی ناوچەكەدا دۆست و هاوسۆزی گەورەی هەبووە."

سەرۆک بارزانی دەڵێت، "گرفتی سەرەكیی گەلی كوردستان لەگەڵ ڕژێمەكان و سیاسەتی هەڵە و سەركوتكاری و دیكتاتۆرییەتدا بووە نەك نەتەوە و گەلانی ناوچەكە. بیریشمان نەچێت مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتە خراپەكانی لۆزان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان تەنیا لەسەر شانی گەلی كوردستان نیە بەڵكو دەبێ دەوڵەتانی ناوچەكە و زلهێزەكان و ئەو وڵاتانەی لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا كاریگەرییان هەیە و هەروەها ڕێكخراوە ناحكوومەییەكان و ناوەندە ئاكادیمی و كۆمەڵایەتی و چالاكوانان و كەسایەتییە جیهانییەكان لە دروستكردنی چوارچێویەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانە و نیازپاكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەشدار بن."

وەکو ئەوەی سەرۆک بارزانی باسی دەکات، "رەوندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەتوانن ڕۆڵێكی یەكجار گەورە لە ناوەندە سیاسی و كۆمەڵایەتی و زانستییەكانی وڵاتان ببینن، ئەوەش بە ئاراستەی ناساندنی دۆزی كورد و گەیاندنی ڕاستییەكان و بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان و پەیداكردنی زۆرترین دۆست و لایەنگر لەناو خەڵكی وڵاتانی تر و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی ئەو زوڵمە مێژووییەی لە كوردستانیان كراوە. بە دڵنیاییەوە ئەوە ئەركێكی پیرۆزیشە و جێبەجێكردنی ئەو ئەركەش پێویستی بە برایەتی و هاوبەشی و پێكەوەیی هەمووتانە. لەو ئەركەدا پێویستە دەستبەرداری بەرژەوەندییە بەرتەسكەكان بن و كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی تر ببینن."

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: "هیوادارم ئەو دیدارە گرنگە دەرئەنجامی بەسوودی هەبێت و ڕاسپاردە و بەرچاوڕوونیی لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كاریگەری و لێكەوتەكانی ڕێككەوتننامەی لۆزان، بداتە هەموو لایەكمان و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم."