ئەو سەرنیشینەی دەرگای فڕۆکەکەی کردبوویەوە: هەستم بە خنکان دەکرد

K24 - هەولێر

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو سەرنشینەی کە دەرگای فریاگوزاری فڕۆکەیەکی کردبویەوە، لەکاتێکدا کە هێشتا فڕۆکەکە نەنیشتبوویەوە، کارەکەی بۆ پۆلیسی کۆریای باشوور روونکردەوە کە هەستی بە "خنکاندن" کردووە و دەیەوێت "بەخێرایی" لە فڕۆکەکە دەربچێت.

لێکۆڵەرێکی پۆلیس بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەو سەرنشینەی لەلای پۆلیسی "دایگووە" بۆ لێپرسینەوە راگیراوە و گوتی "لە دۆخێکی سترێسدابووە دوای ئەوەی بەم دواییە کارەکەی لەدەستداوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرنشینەکە "گلەیی ئەوەی کردووە کە گەشتەکە کاتی دیاریکراوی تێپەڕاندووە و هەستی بە خنکان کردووە لەناو فڕۆکەکە"، هەروەها  ویستویەتی بە خێرایی دەربچێت لە فڕۆکەکە.

فڕۆکەکە نزیکەی 200 مەتر لە زەویەوە دووربوو، کاتێک سەرنشینەکە دەرگای فریاگوزاری کردەوە، کە خۆشی لە تەنیشت دەرگاکە دانیشتبوو.

ئەو سەرنشینە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی سەلامەتی فڕۆکەوانی، تا دە ساڵ زیندانی دەکرێت.

لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە سەرنشینێک بڵاویکردۆتەوە، دوای ئەوەی یەکێک لە دەرگاکانی فرۆکەیەک دەکرێتەوە، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو سەرنشینەکانی ئەو فڕۆکەیە دەبینرێت بەهۆی ئەو هەوا بەهێزەی کە بەر فرۆکەکە دەکەوێت.

بە هۆی رووداوەکەوە نزیکەی 10 سەرنشین بەهۆی کێشەی هەناسەدانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کۆریای باشوور، هیچ بریندارێکی سەخت و زیانی گەورە تۆمار نەکراوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی گواستنەوەی کۆریای باشوور بەهەمان ئاژانسی گووت، بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەم رووداوە یەکەم رووداوی لەو جۆرەیە لە مێژووی فڕۆکەوانی وڵاتەکەدا.