زۆرینەی ئەمەریکییەکان پێیانوایە سەرلەنوێ هەڵبژاردنی بایدن پاشەکشێ بە وڵاتەکەیان دەکات

K24 - هەولێر
راپرسییەک لە ئەمەریکا ئەوەی دەرخستووە، لە ئێستادا جۆە بایدن لە نێو کاندیدانی دیموکراتەکان دەرفەتی زیاترە بۆ هەڵبژاردنی 2024 سەرۆکایەتی و دیدی نەرێنیی دەنگدەرانیشی بۆ سەرۆکێکی بەساڵاچوو بۆ قۆناغی داهاتوو خستەڕوو.
لەو راپرسییەی کە کەناڵی سی ئێن ئێن-وە لە نێوان 17-20 ئایار ئەنجامی داوە، ئەوە دەردەکەوێت، روانگەی ئەرێنیی دەنگدەران سەبارەت بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بایدن پاشەکشێی کردووە.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، تەنها سێ یەکی (لە سەدا 33)ی ئەمریکییەکان پێیان وایە کە بردنەوەی بایدن لە ساڵی 2024 هەنگاوێکی پێشکەوتن یان سەرکەوتنێک دەبێت بۆ وڵاتەکە و بیرکردنەوەی ئەرێنی دەربارەی سەرۆکی دیموکراتەکان کە لە کانوونی یەکەمی 2022 سەدا 42 بوو، لە ئایاری ئەمساڵدا بۆ سەدا 35 کەمبووەتەوە.
لە هەڵسەنگاندنی راپرسییەکەدا کە تەواوی دەنگدەرانی ئەمریکای وەکو بنەما وەرگرتووە، لە سەدا 66ی بەشداربووان پاڵپشتیی ئەو بۆچوونەیان کرد کە سەرلەنوێ هەڵبژاردنی بایدن پاشەکشێ بە وڵاتەکە دەکات یان دەبێتە هۆکاری کارەساتێک.
لە ئەنجامی هەمان راپرسیدا ئەوە دەردەکەوێت کە رێژەی ئەو متمانەیەی بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا بەدەستیهێناوە سەدا 40 بووە.
هاوکات لە سەدا 60ی بەشداربووانی راپرسییەکە کە دەنگدەری لایەنگر و هاوسۆزی دیموکراتەکان بوون دەیانەوێت بایدن بۆ هەڵبژاردنی 2024ی سەرۆکایەتی کاندید بکرێت و لە سەدا 20یان پارێزەر رۆبێرت ئێف. کێنێدی و سەدا 8یان نووسەر ماریانە ویلیامسۆن. ئەو لە سەدا هەشتەی کە ماوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاڵپشتیی "کەسێکی دیکە" دەکەن.