هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا

حەکیم کەریم فەرماندەی لیوای 17ی هێزی پێشمەرگە
حەکیم کەریم فەرماندەی لیوای 17ی هێزی پێشمەرگە

K24 – گەرمیان

لە دوێنێوە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی و سوپای عێراق لە ناوچەکانی گەرمەسێر و خانەقین دەستیپێکردووە، ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە راوەدونانی چەکدارانی داعشە لە سنوورەکە.

حەکیم کەریم، فەرماندەی لیوای 17ی هێزی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشمان لە سنووری گەرمیان و خانەقین ئەنجامدا، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو ئەنجامی باشی هەبوو".

گوتیشی: "ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە سەرەکی هەیە، راوەدونان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارانی داعش، کە لەم ناوچەیە بۆشایی دروستبووە و داعش لێیەوە دزە دەکەن، هەروەها دەمانەوێت یاسا لەو سنوورانە بچەسپێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەگەڵ پاککردنەوەی ناوچەکە کێڵگەیەکی نەوت لە ناوچەی قۆری چای، لەکاتی هاتنی داعش لەکار کەوتبوو، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرنامە هەیە بخرێتەوە کار و بە هێزێکی باشەوە بپارێزرێت".

سەبارەت بە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەیان، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە، گوتی: "بەگوێرەی پلان ئەمڕۆش ئۆپەراسیۆنەکەمان تەواو دەبێت، بەڵام ئێمە وەکو هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکەمان هەموو کات لە ئامادەباشیداین".