سبەی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەونە کار

کامێراکانی پۆینت تۆ پۆینت
کامێراکانی پۆینت تۆ پۆینت

K24 - هەولێر

سبەی دووشەممە سیستەمی كامێراكانی تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەوێتە کار. گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگاکەش دەڵێت، "دانانی ئەو كامێرایانە بۆ كۆكردنەوەی داهات نییە".

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، کاتژمێر 08:00ـی بەیانی، بە شێوەیەکی فەرمی سیستەمی کامێراکانی تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت لە سنووری ئەو پارێزگایە دەکەوێتە کار.

رۆژی یەکشەممە 21ی ئایاری 2023، سیستەمی كامێراكانی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت، کە 24 كامێرا بوون و لە تاسڵوجەوە تا قەزای دوكان جێگیرکرابوون، بە شێوەی تێست (ئەزموونی) کەوتە کار و بۆ ماوەی هەفتەیەك لەژێر تێستدا بوو. لەوماوەیەدا سزای دارایی (غەرامە) بۆ سەرپێچیكاران هەژمار نەکرا.

بەگوتەی بەهمەن عەبدوڵڵا، لە سبەی دووشەممە، کاتژمێر 08:00ـی بەیانییەوە ئەو 24 كامێرایەی لە تاسڵوجەوە تا قەزای دوكان جێگیرکراون بە فەرمی کارا دەکرێن و سزای دارایی (غەرامە) بۆ سەرپێچیکاران هەژمار دەکرێت.

لەبارەی ئەو بڕە سزایانەی بەهۆی سەرپێچییەوە تۆماردەکرێن، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی روونیکردەوە، پێنج جۆری سزایان هەیە؛ لە 70 هەزار دینارەوە تا 250 هەزار دینار دەستپێدەكات. "لە یەك كیلۆمەتر تا 15 كیلۆمەتر لەو خێراییەی بۆ شەقامەكە دیاریكراوە 70 هەزار دینارە و بەو شێوازە بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە 250 هەزار دینار، لەو 12 كامێرایەی لەهەر سایدێكی رێگای تاسڵوجە - دوكان دانراوە لەكامیان بەرزترین خێرایی تۆماركردبێت ئەوە یانی بۆ هەژماردەكرێت و بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت".

لەبارەی شێوازی تۆماركردنی سەرپێچی بۆ شۆفێران و خێرایی رێگەپێدراو، بەهمەن عەبدوڵڵا گوتی، "خاڵی سەرەتای دەستپێكی كامێراكە تا كۆتا كامێرا بەرزترین خێرایی كە شۆفێری سەرپێچیكار تۆماری كردوە، بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت، بۆ نموونە تاسڵوجە بۆ دوكان خێرایی رێگە پێدراو 100 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لە شوێنەكانی نیشتەجێبون 80 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا، پاش ئەوەی شوێنی نیشتەجێبون تەواو دەبێت خێراییەكە دەچێتە 100 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، هیواداریشین كەس سەرپێچی نەكات بۆئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت ئیفلاس بكات".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی پێ دەدات، دانانی ئەو كامێرایانە "بۆ كۆكردنەوەی داهات نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە شۆفێر هەست بكات چاودێری لەسەرە و پابەندی خێرایی دیاریكراوی شەقامەكان بێت".

سەبارەت بە چۆنیەتی سزادانی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان، بەهمەن عەبدوڵڵا رایگەیاند، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن یان بێ سەرەتان پڕۆژەكە بەم شێوەیە بۆ ئەوان؛ بۆ نموونە لە تاسڵوجە تا دوكان، لە دوكان بنكەیەك هەیە كە ئەو ئۆتۆمبێلەی سەرپێچییەكەی تۆماركردووە كارمەندی تایبەتمەندی هەیە، راستەوخۆ ئۆتۆمبێلەكە رادەگرێت و بەشێوەی پسوڵە راستەوخۆ سزاكەی لێوەردەگیرێت".