هەولێر؛ دەستکرا بە قیڕتاوکردنی شەقام و دروستکردنى ئاوەڕۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە ستی

K24 - هەولێر

بە گوژمەى زیاتر لە 1 ملیار و 750 ملیۆن دینار، دەستکرا بە قیڕتاوکردنی شەقام و دروست کردنى ئاوەڕۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە ستی.

ئەمرۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى دروستکردن و قیڕتاوکردنى شەقام و ئاوەڕۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە ستی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی (1 ملیار و 765 ملیۆن و 254 هەزار دینار)، لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بە شێوەی بەڵێندەرایەتی دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار وسەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى پێنج یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشىکردن لە سەرپەرشتیار و ئەندازیاران و کرێکارانى پڕۆژەکە، پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە کرد و پشتراستیکردەوە ، خواستى پارێزگاى هەولێر لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگا و بەرنامەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم و لەژێر ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەروکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، بتوانرێت زۆرترین پڕۆژەى خزمەتگوزارى و دەستى ئاوەدانى بگەێنرێت بە هەموو شوێنێک لە سنوورى پارێزگاکە، بە تایبەتى گەڕەکە هەژار نشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزاریى و ئاوادانیان پێگەیشتووە.

 پڕۆژەى دروست کردن و قیڕتاوکردن و ئاوەڕۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە ستی، پێکهاتووە لە دروست کردن و قیرتاوکردنی 24 شەقام بە ڕووبەری (38,500) مەتر دووجا و دروستکردنی ئاوەڕۆى کۆڵانەکانی گەڕەک، لە ئێستاشدا هەموو بڕگەکانى پڕۆژەکە کۆتایی هاتووە و لەم ڕۆژانەش کاری قیڕتاو کردنەکەى بەکۆتادێت.