وەزارەتی کشتوکاڵ: هەوڵدەدرێت هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە وەربگیرێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ لەو بڕە گەنمەی لەلایەن حکومەتی عێراقە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە ناڕازین و لە ئێستادا هەوڵدەدەرێت ئەو بڕە گەنمە زیادبکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، د.زێدا محەممەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رابردوویاندا لەگەڵ لیژنەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا ناڕازەیاتی خۆیان لەبارەی ئەو بڕەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم دیاریکراوە و 375 هەزار تۆنە، دەربڕیوە و پێیان وابووە زۆر کەمە.

د.زێدا محەممەد کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ، توانرا بڕگەیەکی دیکە لە پلانەکەدا پەسەند بکرێت، ئەویش ئەگەر هات و بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە 375 هەزار تۆن زیاتر بوو، لیژنەی وەرگرتنی گەنم دووبارە کۆدەبێتەوە.

بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ  بەبێ ئەوەی بڕەکە دیاریبکات، گوتیشی، بە هەوڵەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاوەڕێدەکرێت حکومەتی عێراق بەمزووانە بڕی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان لە هەولێر سازکرد.

وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان پێیوایە گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کواڵێتییەوە باشتر و لە رووی بڕەوە زیاترە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانباشبوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 25ـی ئایاری 2023، دەرگای سایلۆکان بەڕووی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا بکرابانەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان، دەستپێکردنی پڕۆسەکە بۆ ئەمڕۆ دواکەوت.  

بەگوتەی کەمال موسلیم 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.

ای خۆیەوە هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد، 40 ملیار دیناریان بۆ شاییستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە خەرجکردووە؛ 20 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 10 ملیار بۆ پارێزگای هەولێر و 10 ملیاری دیکەش بۆ پارێزگای دهۆک. دووپاتیشیکردەوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پارەی گەنمی جووتیاران دواناکەوێت و لەکاتی رادەستکردنی گەنمەکە، جووتیاران پارەی خۆیان وەردەگرن.

"حکومەتی عێراق نایەوێت گەنم لە دەرەوە هاوردە بکات، دەیەوێت پشت بە گەنمی ناوخۆی وڵاتەکە و جووتیارانی هەرێمی کورستان ببەستێت. ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانمان دیاریکردووە زیاترە بڕەی بۆ گەنمی دەرەوە دیاریدەکەین، بەڵام دەمانەوێت جووتیارانی هەرێمی کورستان پشت بە خۆیان ببەستن و گەنم بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابین بکەن". ئەمە بەشێک بوو لە قسەکانی حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە عێراق، لە میانی کۆنگرە رۆژنامەواییەکەدا.

سایلۆکانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، وەکو ئەوەی حەیدەر نووری ئاماژەی پێدەدات، تا کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ ئەوەی گەنم وەربگرن و بارهەڵگرەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە نۆرەدا نەمێننەوە و لەماوەیەکی کەمدا پڕۆسەکە تەواو ببێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی.

لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی کە لەلایەن جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە دەمێنێتەوە و سایلۆکان وەریناگرن، ئەو بەرپرسەی حکمومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتوون ئەگەر گەنمی زیادە ماوە، پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکەن و، وەکو خۆی دەڵێت، مانگی داهاتوو لیژنەی وەرگرتنی گەنم کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست لەبارەی چارەنووسی ئەو بڕە گەنمەی ماوەتەوە دەدات.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. گوتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن.''

لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، محه‌مه‌د خه‌زاعی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پێشبینی ده‌كەن ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم چوار ملیۆن و نیو تۆن بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتربێت.

ساڵی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 305 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021، بڕەکە بەراورد بە ئەمساڵ و ساڵی 2022 کەمتر بوو، چونکە حکومەتی عێراق تەنها 125 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارنی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەم شێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم.