هۆشیار زێباری: داوا لە هەموو لایەک دەکەین رێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگرن

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هەولێر

هۆشیار زێباری داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات رێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگرن. دەشڵێت، کاتێک بڕیاریاندا ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، گوێیان بە هەڕەشەکان نەدا و قەوارەی ئێستای هەرێمی کوردستانیش بەرهەمی ئەو هەڵبژاردنەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی "پەیماننامەی لۆزان دوای سەد ساڵ" لە سویسرا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بڕیاریاندا لە ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، هەموو وڵاتان دژیان وەستانەوە و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

هۆشیار زێباری روونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە وڵاتان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستانیان بە "مەترسی" ناودەبرد، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر ئەنجامدانی و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا هەیە، بەرهەمی ئەو هەڵبژاردنە بووە.

هۆشیار زێباری لە گوتارەکەیدا داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی "کوردستانی گەورە" کرد رێز لە قەوارەی هەرێمی کورستان بگرن، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، قەوارەکە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی چەند ساڵەی گەلی کوردە دژی ستەمکاران. گوتیشی، با رەخنەیان لێبگیرێت، بەڵام نەک دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

دوێنێ شەممە 27ـی ئایاری 2023، بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی کورد لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان کۆنفڕاسێک لەژێر ناوی "پەیماننامەی لۆزان دوای سەد ساڵ" لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە بوو و لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمیی کورد و بیانی وتاریان پێشکەش کرد.