ئەردۆغان بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە و جارێکی دیکە پێش کەمال کڵچدارئۆغڵو کەوتەوە.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە رێژەیزیاتر لە 52%ـی دەنگەکان، توانی سەرکەوتن بەسەر کڵچدارئۆغڵو بەدەستبهێنێت کە رێژەی 47%ـی دەنگی بەدەستهێناوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن زیاتر لە 27 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت نزیکەی 24 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.

لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە بارەگاکانی پارتەکەیان کۆبوونەتەوە و ئامادەکاری بۆ ئاهەنگی جەماوەری فراوان دەکەن.

لە یەکەم کاردانەوەشدا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەردۆغان بە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا کرد.

بەگوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.